رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی یانەی نەسڕ لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە، شەقامی وەرزشی و هاندەران تووڕە دەکات، دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر یانەی شەباب یاریزانەکە چەند هەڵسوکەوتێکی چاوەڕواننەکراوی ئەنجامدا.
لە یارییەکەدا کە نەسڕ بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵێکی تۆمارکرد، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بە شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی هەمووان تووشی سەرسوڕمان کرد.
دوای یارییەکە لە سۆشیاڵ میدیا و میدیای سعودییەدا، هەڵسوکەوتەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاردانەوەی گەورەیان دروستکرد و بەشێکی هاندەران داوای دوورخستنەوەی یاریزانەکە لە سعودیە دەکەن.
عەلی عنێزی، رۆژنامەڤانی سعودی و نزیک لە یانەی نەسڕ، هەڵوێستی یانەی نەسڕ بەسەرۆکایەتیی مسەلی مەعمەر لەبارەی رووداوەکانەوە ئاشکرا دەکات.
کارگێڕیی یانەی نەسڕ بەشی یاسایی یانەکەی راسپاردووە بۆ ئەوەی هەموو رێکارەکان بگرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی کە پێشێلکاریان بەرامبەر گۆڵکارە مێژووییەکەی یانەکە کردووە، بۆ ئەوەی پێشێلکاران سزابدرێن و مافی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بپارێزرێت.
ئەم هەڵوێستەی یانەی نەسڕ لەبارەی رۆناڵدۆوە، هاندەران زیاتر تووڕە دەکات، لەکاتێکدا ئەوان چاوەڕێی سزادانی یاریزانەکە دەکەن، بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتانەی لە یاریگەدا پێشانیداون.
بەشێکی میدیاکارانی سعودیە داوا دەکەن لیژنەی تەمبێکاریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتەکانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بکات و ئەوان پێیان وایە کریستیانۆ هەڵسوکەوتی نابەجێی بەرامبەر هاندەرانی یانەی شەباب کردووە، بەتایبەتیش کە ئەو شوێنەی رۆناڵدۆ ئاهەنگەکەی لێگێڕاوە شوێنی دانیشتنی ماڵباتەکان بووە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، ئەگەری هەیە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتەی ئەنجامیداوە، دوو یاری رابگیرێت، ئەگەر بەوە سزابدرێت یاریزانەکە بەشداری لە یاریی نێوان هەردوو یانەی حەزم و رائد ناکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لەم وەرزەی خولی سعودیدا 22 گۆڵی تۆمارکردووە، پێشەنگی گۆڵکارانی خولی سعودیی کردووە، بەرامبەر یانەی شەباب 5 یارییکردووە و 5 گۆڵی لەو یانەیە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ