رۆناڵدینیۆ: دڵم لە نێوان پاریس و میلاندا دابەشبووە

25-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن رۆناڵدینیۆ چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆناڵدینیۆی ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی بەرازیل، دانیبەوەداناوە کە خۆشەویستی بۆ پاریس سانجێرمان و میلان هەیە و بەهۆی ئەو دوو یانەیەوە، دڵی دابەشبووە.
 
میلان ئەمشەو لە گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگ، دەبێتە میوانی پاریس سانجێرمان، پێشتر رۆناڵدینیۆ یاریی بۆ هەردوو یانە کردووە.
 
رۆناڵدینیۆ لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانە دەڵێ، "پێشبینیدەکەم و هیوادارم یارییەکی خۆش و سەرنجڕاکێش بێت، هەروەها هیوادارم چ لەم یارییە یان یارییەکەی داهاتوو بێت، لە یاریگەدا ئامادەبم، چونکە هەردوو یانەکە لە دڵمدان".
 
ئەفسانە بەرازیلییەکە زیاتر دەڵێ، "بۆ هەردوو یانەکە یارییم کردووە، لە هەردوو یانەکە دڵخۆشبووم. هەرچۆنێک هەردوو یانە هەڵبسەنگێنم، دەکەومە ژێر کاریگەریی سۆزەوە، هەردوو تیپەکە مەزنن و مێژوو و ئێستای نایابیان هەیە، هەروەها یاریزانی گەورە و لەبەرئەوە من پێموایە ئاڵنگارییەکی گەورە دەبینین".
 
رۆناڵدینیۆ کە سەرەتاکانی دەرکەوتنی لەسەر ئاستی ئەوروپا، لە پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بوو، بەرلەوەی رووبکاتە بارسێلۆنای ئیسپانی و پاشانیش میلانی ئیتاڵی، دەڵێ، "میلان یاریی بەرامبەر نیوکاسڵ و بۆرووسیا دۆرتمۆند کردووە، ئاستی باشبوو، بەڵام نەیتوانی گۆڵ تۆمار بکات، ئێستا دەبێ ئەو ریتمە خاوە بشکێنن و ئەوەش کارێکی ئاسان نییە بەرامبەر پاریس سانجێرمان".
 
رۆناڵدینیۆ هەروەها دەڵێ، "تیپە فەرەنسییەکە دوای هەندێک ئاڵۆزی بەهۆی گۆڕانکاریی ریشەیی لە تیپەکەدا و هێنانی یاریزانی نوێ و گۆڕینی راهێنەر و تاکتیکی نوێ، سەرەتایەکی ئاڵۆزی هەبوو، بەڵام ئێستا وادیارە لەگەڵ ئینریکێدا گەشە دەکات، بەڵام تکایە لەبارەی ئەنجامەوە پرسیارم لێمەکەن، چونکە من دڵم لە نێوان هەردوو یانەدا دابەشبووە.
 
رۆناڵدینیۆ لە 2001 تاوەکو 2003 یاریی بۆ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کردووە. لە لە 2008 تاوەکو 2011 یاریی بۆ یانەی میلانی ئیتاڵی کردووە، بەرلەوەی کاروانی خۆی لە ئەوروپا کۆتایی پێبهێنێت و بگەڕێتەوە یانەی فلامینگۆی بەرازیلی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە