ڤیدیۆ؛ ریال دێربیی مەدریدی دۆڕاند و پێشەنگی رادەستی بارسا کرد

25-09-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by OSCAR DEL POZO / AFP
Photo by OSCAR DEL POZO / AFP
نیشانەکردن ریال مەدرید ئاتلێتیکۆ مەدرید دێربیی مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ریال مەدرید تووشی یەکەم شکستی ئەم وەرزەی بوو، لە یاریی دێربیی مەدریددا بە ئاتلێتیکۆ مەدریدی هاوشارەکەی دۆڕا و پێشەنگی لالیگای رادەستی بارسێلۆنا کرد.
 
لە گەڕی شەشەمی لالیگادا، ریال مەدرید لە دێربیی مەدریددا لەسەر یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆ بووە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بە ئەنجامی 1-3 پێیدۆڕا.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید، بە سەرکردایەتی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری وەک تیپێکی زۆر رێکخراو دەرکەوت، هەرزوو ئەلڤارۆ مۆراتای یاریزانی پێشووی ریال مەدرید، لە خولەکی 4 بەسەر تۆڕی مێرینگێی هەژاند.
 
لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا کوڕانی کارلۆ ئەنچێلۆتی کار بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە بکەن، ئانتوان گریزمان لە خولەکی 18 بەسەر گۆڵی دووەمی ئاتلێتیکۆی تۆمارکرد.
 
ریال مەدرید دەستی بە هێرشبردن کرد و لە یەکێکیاندا، تۆنی کرووس لە خولەکی 35 سەرکەوتوو بوو لە هەژاندنی تۆڕی گۆلی یان ئۆبلاک، و نیوەی یەکەم بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی تیپی خاوەن یاریگە کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا ئەلڤارۆ مۆراتا لە یەکەم خولەکدا، بەسەرێکی دیکە گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی ئاتلێتیکۆ مەدریدی تۆمارکرد.
 
یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتاییهات و ریال مەدرید کە 15 خاڵی هەیە، پێشەنگی ریزبەندیی لالیگای لەدەستدا و گەڕایەوە پلەی سێیەم، کە بارسێلۆنا بە 16 خاڵ لە پیشەنگە و خیرۆنا بە 16 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی دووەمە. لە کاتێکد ئاتلێتیکۆ مەدرید بووە خاوەنی 10 خاڵ و گەیشتە پلەی پێنجەمی ریزبەندیی خولەکە.
 
دوای یارییەکە، دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، زۆر پەسنی مۆراتای دا و گوتی "ئەلڤارۆ یارییەکی سەرسوڕهێنەری کرد، پێویستیمان بەم مۆراتایەکی لەم جۆرەیە".
 
ئەلڤارۆ مۆراتاش، کە زۆر دڵخۆش دەرکەوت، گوتی "دەمەوێ نازناوێک لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید ببەمەوە"، هەروەها گوتیشی "سبەی منداڵەکانم بە درێسی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە دەبەمە قوتابخانە".
 
ئانتوان گریزمان، کە گۆڵێکی لەم یارییەدا تۆمارکرد، لە دوای یارییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت "دوای بردنەوە لە ریال مەدرید خەریکبوو فرمێسکەکانم بێنە خوارەوە".
 
لەلای خۆیەوە، کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید، دووپاتیکردەوە "کێشە لە هێرشبردنی ئێمە نەبوو، لە بەرگری ئەوان بوو کە نەیانهێشت یاری بکەین".
 
کارلۆ رەتیکردەوە هۆکاری دۆڕانەکەیان یاریزانێکی دیاریکراو بێت و گوتی "هۆکاری دۆڕانەکەمان نە لوکا مۆدریچ بوو، نە هیچ یاریزانێک، بەگشتی خراپ بووین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە