ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید گەڕایەوە پلەی دووەمی لالیگا

25-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید رایۆ ڤاییکانۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدرید، سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەدەستهێنا و 2-1 لە رایۆ ڤاییکانۆی بردەوە و گەڕایەوە دووەمی ریزبەندیی لالیگا، دوای ئەوەی سوودی لە یەکسانبوونی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەگەڵ ئیسپانیۆل وەرگرت.
 
لە گەڕی 36ـی رکابەرییەکانی لالیگادا، ریال مەدرید لەسەر سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری رایۆ ڤاییکانۆی کرد و 3 خاڵی گرنگی لێوەرگرت.
 
کەریم بنزیما، لە خولەکی 31 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ تیپی خاوەن ماڵ تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بەم تاکە گۆڵە کۆتاییهات. کە لە خولەکی 20ـی یارییەکەدا، هاندەرانی بێرنابیۆ بەناوی ڤینیسیۆس جونیۆری یاریزانی تیپەکەوە دروشمیان گووتەوە و چەپڵەیان بۆ لێدا، بۆ ئەوەی پشتگیری لێبکەن لەدژی ئەو هەڵمەتە رەگەزپەرستییەی لە یاریی ڤالێنسیادا رووبەڕووی بووەوە.
 
لە نیوەی دووەمدا هەردوو تیپ هەوڵی گۆڵکردنیان دەدا، تاوەکو 6 خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە، رائول دی تۆماس توانی تۆڕی کۆرتوا بهەژێنێت و ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، بەڵام رۆدریگۆ جۆیس وەک زۆرجار لە کاتی تەنگانەدا دەرکەوت و لە خولەکی 89  گۆڵی بردنەوەی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد.
 
بەم سەرکەوتنە یانەی ریال مەدرید گەڕایەوە پلەی دووەم لە ریزبەندیی لالیگا، کە خاوەنی 74 خاڵە، لە کاتێکدا رایۆ ڤالیکانۆ بە 46 خاڵ پلەی یازدەمی گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە