رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیسپانیا ئاشکرایکردووە کە چانسی پاو کۆبارسی بەرگریکاری لاوی یانەی بارسێلۆنا بۆ بەشداریکردن لە یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسونا زۆر لاوازە.
ئێوارەی پێنجشەممەی داهاتوو، بارسیلۆنا و ئۆساسونا لە یارییەکی دواخراوی گەڕی 27ـی لالیگا لەسەر یاریگای لویس کۆمپانیس رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
کۆبارسی لەکاتی یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەورووپا بەرامبەر هۆڵەندا تووشی پێکان بوو.
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بەشداریکردنی کوبارسی لە یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسونا مسۆگەر نییە، سەرەڕای دەستپێکردنی چارەسەری فیزیایی لەسەر پاژنەی پێی راستی، کە لەکاتی یاریکردنی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی تووشی بووە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەستی باو ئەوەیە کە یاریزانەکە لە یارییەکەی ئۆساسونادا بەشداری ناکات.
کوبارسی پێش نیوەی یەکەمی یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەورووپا، کە پێنجشەممەی رابردوو بەرامبەر هۆڵەندا لە شاری رۆتەردام ئەنجامیدا، بەهۆی سۆڕانەوەی پاژنەی راستەوە ناچاربوو یاریگا بەجێبهێڵێت.
هەرچەندە لویس دی لا فونتێی راهێنەری ئیسپانیا دوای یارییەکە رایگەیاندبوو، پاو لە کەمپی مەشقەکاندا دەمێنێتەوە تاوەکو یاریی گەڕانەوە، بەڵام رۆژی هەینی گەڕایەوە بارسێلۆنا بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی زیاتر، یانەکە دووپاتیکردەوە کە "ئەو بەرگریکارە گرژبوونی لە بەستەرەکانی پێشەوەی شانەکانی پاژنەی پێی راستی هەیە".
هەرچەندە ئەگەری زۆرە رۆناڵد ئاراوخۆی ئۆرۆگوایی بەهۆی بەشداریکردنی لە یارییەکەی بەرامبەر بۆلیڤیا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی ئەمریکای باشوور لە یارییەکەی ئۆساسونا بەشداری نەکات، بەڵام ئەوە هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا ناچار ناکات بەشداری بە کۆبارسی بکات ئەگەر لە دۆخێکی باشدا نەبێت.
ئینیگۆ مارتینێز کە رۆژی دووشەممە لەگەڵ هاوڕێکانی مەشقەکانی ئەنجامدا دوای چاکبوونەوە لە پێکانەکەی کە وایکرد لە پێکهاتەی ئیسپانیا دووربکەوێتەوە، پێشبینی دەکرێت لەگەڵ ئێریک گارسیا دوو بەرگریکاری ناوەڕاست بن بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسونا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ