رووداو دیجیتاڵ
یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە بڕیاریداوە دەستبەرداری ئەستێرەی یەکەمی یانەکەی ببێت و چاوەڕواندەکرێت لە گواستنەوەی هاوینەدا چەندین یانەی گەورەی ئەورووپا رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە بکەن.
بەپێی هەواڵی میدیای پۆرتوگال و بەریتانیا، یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە بڕیارییداوە لە گواستنەوەی هاوینەدا دەستبەرداری ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەستێرە و گۆڵکاری سوێدیی یانەکەی ببێت، بۆ ئەوەش داوای 60 بۆ 70 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
بەپێی سەرچاوەکان، یاریزانەکە لەگەڵ یانەکە گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا ریزەکانی ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت.
چەندین یانەی گەورەی ئەورووپا داوای ئەو یاریزانە دەکەن و چاوەڕواندەکرێت لە گواستنەوەی هاوینەدا رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی بەهێزبێت، دیارترین دوو یانەش کە دەیانەوێت ئەو یاریزانە بگوازنەوە یانەکانی مانچێستەر یونایتد و ئارسیناڵی ئینگلیزین.
میدیای بەریتانیا دەڵێت "بە ئەگەری زۆرەوە یۆکێرێش پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە دەکات و دەچێتە لای رۆبن ئامۆریم، راهێنەری پێشووی سپۆرتینگ لیسبۆنە."
ڤیکتۆر یۆکێرێش تەمەنی 26 ساڵە، گرێبەستی ئێستای لەگەڵ سپۆرتینگ لە 2028 کۆتاییدێت و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 75 ملیۆن یۆرۆ.
هێرشبەرە سوێدییەکە لەم وەرزەدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا لە 41 یارییدا 40 گۆڵی تۆمارکردووە و لە خولی پۆرتوگالدا لە 25 یارییدا 28 گۆڵی تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ