لە کۆتاییدا هاری کەین هوتێلی بەجێهێشت

24-12-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هاری کەین بایرن میونشن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاری کەینی ئەستێرەی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، دوای چوار مانگ مانەوە لە ئەڵمانیا، بڕیارێکی گرنگی لە ژیانیدا راگەیاند.
 
کەین کە هاوینی رابردوو لە تۆتێنهامەوە پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کرد، لەو کاتەوەی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکەیە، خۆی لە هوتێل دەمایەوە و ماڵباتەکەشی لە ئینگلتەرابوون، بەڵام لە کۆتاییدا دیارە ئەو دۆخە کۆتایی پێهات.
 
کەین بووەتە ئەستێرەی یەکەمی بایرن میونشن و گۆڵکەری یانەکە و خولی بۆندێسلیگاشە، پاشئەوەی لە 16 یاریدا لە خولی ئەڵمانیا، 21 گۆڵی تۆمارکرد.
 
کەین لە سۆشیال میدیای خۆیەوە رایگەیاندووە کە لە کۆتاییدا لە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا و روونتر لە شاری میونشن خانوویەکی دۆزیوەتەوە، هەر لەبەرئەوەی ئیدی لەوێ نیشتەجێ دەبێت و سوپاسی کارمەندانی ئەو هوتێلەی کردووە کە لە ماوەی رابردوودا میوانداریی ئەویان کردووە.
 
کەین نووسیوویەتی، "زۆر سوپاس بۆ کارمەندانی ئەو هوتێلەی وایانکرد هەست بەوە بکەم لە ماڵی خۆمم لەوکاتەوەی لە میونشنم، ئەوان رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە توانای سەقامگیربووم بەشێوەیەکی باش".
 
کەین باسی ئەوەی کردووە کە تۆماس مۆلەر لە ماوەی رابردوودا لە بچووکیی ژوورەکەی لە هوتێلەکەی ئەڵمانیا نیگەران بووە، نووسیوویەتی "تۆماس مۆلەر هەستی بەدڵەڕاوکە دەکرد چونکە ژوورەکەم بچووک بوو، لەبەرئەوە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەوێ بەجێبهێڵم و بچمە شوێنێکی تایبەت بەخۆم و ماڵباتەکەم".
 
کەینی کاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، پاش ساڵانێکی زۆر لە یارییکردن بۆ تۆتێنهامی ئینگلیزی، ئێستا لە ئەڵمانیا هەلی بردنەوەی نازناوەکانی زیاتر لەبەردەستە. ئەو یاریزانە لە مێژووی یارییکردنی لە یانە ئینگلیزییەکە، هیچ نازناوێکی بەدەستنەهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە