مولەر پیرۆزبایی لە بارسێلۆنا و رافینیا دەکات

24-10-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تۆماس مولەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆماس مولەر، ئەستێرەی یانەی بایرن موینشن، سەرەڕای دۆڕانیان بەرامبەر بارسێلۆنا، دڵخۆشە بە ئەنجامی یارییەکە و دەڵێت "دڵخۆشم بۆ راهێنەری پێشوومان هانزی فلیک."
 
مولەر دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا بە گۆڵێک بەرامبەر چوار گۆڵ، لە لێدوانێکدا گوتی "بردنەوەیەکی شایستە بوو بۆ راهێنەری پێشوومان و دڵخۆشم بۆ ئەو، بەڵام لە هەمان کاتدا دڵتەنگم بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا روویدا."
 
تۆماس مولەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "بردنەوەیەکی شایستە بوو بۆ بارسێلۆنا و پیرۆزباییان لێدەکەم، دوای گۆڵی یەکەمی ئەوان، ئێمە کۆنتڕۆڵی یاریگەمان کرد، بەڵام بارسێلۆنا یەکلاکەرەوەتر بوو لە دروستکردنی هەل."
 
ئەستێرە ئەڵمانییەکە زیاتر قسەیکرد و رەخنەی لە ناوبژیوانی یارییەکە گرت و گوتی "دڵنیا نیم لەوەی گۆڵی دووەمی بارسێلۆنا دروستبێت، وابزانم سەرپێچییەک هەبوو و تاوەکو ئێستاش سەیری دیمەنەکەم نەکردووەتەوە، کاتێک بەرزدەبیتەوە نابێت دەست بەکاربێت، بەڵام بەهەرحاڵ ئەوە گۆڕانکارییەکی زۆری دروستکرد."
 
تۆماس لەبارەی دروستکردن هەل لە یارییەکەدا گوتی "ئێمە دوای ئەوەی ئەنجامەکە بووە 3-1 چەند هەلێکمان دروستکرد، بەر لەوەی بچینە پشووە، ئەنجامەکە بۆ ئێمە چاوەڕواننەکراو بوو و هەوڵماندا بگەڕێینەوە، هەلێک یان دوو هەلمان بۆ رەخسا، بەڵام ئەوان گۆڵی چوارەمیان تۆمارکرد، پیرۆزبایی لە رافینیا دەکەم، بۆ ئەو ئاستە بەرزەی پێشکێشیکرد."
 
مولەر لە مێژوودا 10 یاریی بەرامبەر بارسێلۆنا کردووە، 9 گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام لە یارییەکەی ئەمجارەدا نەیتوانی هیچ بکات و تیپەکەی دوای شەش بردنەوەی لەسەریەک بەرامبەر یانە ئیسپانییەکە، بۆ یەکەمجار دۆڕا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە