تایبەت بە رووداو.. یانەی دهۆک دەگەڕێتەوە و پێشوازییەکی گەورەی لێدەکرێت

24-07-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک، دوای بردنەوە گرنگەکەی نەجەف و گەیشتنی بە رکابەرییەکانی جامی کەنداو لەسەر ئاستی یانەکان، لەنێو پێشوازییەکی گەورەدا دەگەڕێتەوە.
 
ئەمڕۆ دوای ئەو بردنەوە گرنگە، یانەی دهۆک لە بەغداوە دەگەڕێتەوە دهۆک و لەلایەن بەرپرسانی شارەکە و هاندەرانی یانەکەوە پێشوازیی لێدەکرێت.
 
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 17:00 بڕیارە شاندی یانەی دهۆک بگاتەوە شارەکە، لەلایەن پارێزگار و بەرپرسانی شارەکەوە پێشوازی لە یاریزانانی یانەکە دەکرێت و رێزلێنانیان پێشکێشدەکرێت لەبەرامبەر ئەو دەستکەوتە گرنگەی بەدەستمانێهێناوە.
 
دوای ئەوە لە بارەگای یانەی دهۆک، رێوڕەسمێکی گەورە بۆ رێزلێنان لە یاریزانانی یانەی دهۆک و بەبۆنەی گەیشتن بە جامی کەنداو بەڕێوەدەچێت، چەندین گۆرانیبێژ تێیدا بەشداردەبن و هەزاران هاندەر لە یاریگەی دهۆک پێشوازی لە یاریزانانی یانەکە دەکەن.
 
لەو رێوڕەسمەدا بەهەمان شێوەی ئاهەنگی یانە گەورەکانی جیهان، یانەی دهۆک دەیەوێت یاریزانەکانی پێشانی هاندەران بدات و هەریەکەیان پەیامێک ئاراستەی هاندەرانی یانەکە دەکەن.
 
یانەی دهۆک رۆژی سێشەممە لە بەغدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی نەجەف بەدەستهێنا، بەبردنەوەی ئەو یارییە، یانە کوردستانییەکە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بەشداری لە جامی کەنداودا دەکات، کە بڕیارە مانگی ئەیلوولی داهاتوو یارییەکانی بەڕێوەبچن و دهۆک تاکە یانە دەبێت لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە