رووداو دیجیتاڵ
گەشتی ئەمساڵی تور دو فرانس کۆتاییهات و براوەی نازناوەکە نامۆ نەبوو، ئەو لە یەکەم قۆناخی گەشتەکەوە سەلماندی کە بەهێزترین بەربژێرە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە و لە کۆتاییشدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
ئەو جۆناس ڤینگگاردی پایسکیلسواری دانیمارکی بوو، کە ئەمساڵ وێڕای بوونی رکابەرییەکی بەهێز لە زۆربەی گەڕەکانی پێشبڕکێیەکەدا، لەگەڵ وەرگرتنی پێشەنگی ریزبەندیی گشتی، رێگەی نەدا کەس شوێنەکەی پێ چۆڵ بکات.
دوێنێ چالاکییەکانی گەشتەکەی ئەمساڵی تور دو فرانس لەنیا پاریسی پایتەخت و لە شەقامی بەنێوبانگی ئەلیزێ کۆتاییهاتن، کە جۆناس ڤینگگاردی پایسکیلسواری دانیمارکی بۆ دووەمجار لەسەریەک نازناوەکەی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لەلایەن تادی بۆگاچاری پایسکیلسواری سلۆڤینییەوە رکابەرییەکی زۆری کرا.
قۆناخی بیست و یەکەم و کۆتایی گەشتەکە لە سانت کوینتین ئۆن ئەڤلینزەوە دەستیپێکرد و لە پاریس کۆتاییهات، کە ماوەکەی 115 کیلۆمەتر بوو، بریتی بوو لە ناوچەیەکی تەخت کە هیچ ئاستەنگییەک بۆ هیچ پایسکیلسوارێک دروست ناکات.
جۆناس ڤینگارد، گوتی "هەست بە شانازی و دڵخۆشیی دەکەم، ئەمە دوو ساڵە جامبۆ ڤیزما نازناوی گەشتی فەرەنسا دەباتەوە، هەموو گەلی دانیمارکی لێرەیە، بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە".
پلەی یەکەمی ئەم قۆناخە بەشی جۆردی میوسی پاسکیلسوارە بەلجیکی بوو. هاونیشتمانییەکەی یاسپەر فیلیپسۆن پلەی دووەمی بەدەستهێنا و پلەی سێیەمیش بەر دیلان گرۆنێڤیگنی پایسکیلسواری هۆڵەندی کەوت.
ئەنجامی قۆناخی کۆتایی گرنگ نەبوو، چونکە تەنیا رێپێوانێک بوو بۆ پایتەختی فەرەنسا، سەرنجەکان زیاتر لەسەر پایسکیلسواری دانیمارکیی تیپی جامبۆ ڤیزما، جۆناس ڤینگارد بوو کە بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک نازناوەکەی بەدەستهێنا و نزیکەی هەشت خولەک لە پێش تادی بۆگاچارەوە بوو.



