ریال مەدرید شوێنگرەوەی ئەنچێلۆتی دیاریکردووە

24-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید، ئەو راهێنەرەی دەستنیشانکردووە کە لە داهاتوودا دەبێتە شوێنگرەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، دوای ئەوەی راهێنەرەکە بڕیاردەدات لە یانەکە بڕوات، یان ماوەی گرێبەستەکەی کۆتاییدێت.
 
ریال مەدرید گرێبەستی کارلۆ ئەنچێلۆتی تاوەکو هاوینی 2026 نوێکردووەتەوە. گرێبەستە نوێیەکە لە مانگی یەکی رابردوودا واژۆکراوە، وەک ئەوەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاماژەی بۆ کردووە.
 
رۆژنامەی رێلێڤۆی ئیسپانی، رایگەیاندووە کە یانەی ریال مەدرید دەیەوێت لە ساڵی داهاتووەوە گرێبەست لەگەڵ راهێنەرێکی نوێ بکات.
 
ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو راهێنەرە، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئیسپانیی یانەی بایرلیڤەرکوزنە، کە پێشتر یاریزانی یانەی ریال مەدرید بووە.
 
چابی ئەلۆنسۆ لەم وەرزەدا توانی سەرکردایەتی بایرلیڤەرکوزن بکات بۆ بردنەوەی نازناوی بوندێسلیگا بۆ جاری یەکەم لە مێژووی یانەکەدا، بەبێ ئەوەی تووشی هیچ دۆڕانێک ببێت، کە پێشتر ئەوە لە مێژووی بوندێسلیگادا رووینەداوە.
 
ئەلۆنسۆ نزیکبوو لەوەی نازناوی یۆرۆپالیگیش بۆ بایرلیڤەرکوزن بباتەوە، کاتێک گەیشتە یاریی کۆتایی، بەڵام بەشێوەیەکی ناچاوەڕوانکراو، تووشی شکستێکی گەورە بوو کاتێک 0-3 بە یانەی ئاتالانتای ئیتاڵی دۆڕا.
 
رۆژنامەی رێلێڤۆی ئیسپانی، دووپاتیدەکاتەوە کە کارگێڕیی ریال مەدرید بڕوایەکی تەواوی بەوە هەیە کە چابی ئەلۆنسۆ شایستەترین کەسە بۆ سەرپەرشتیکردنی مەشقەکانی ریال مەدرید، چونکە بە بۆچوونی خۆیان ئەو راهێنەرە ئێستا یەکێکە لە باشترین راهێنەرانی جیهان لە رووی تاکتیکی و رۆحی بەرزی وەرزشی.
 
چەند سەرچاوەیەکی دیکە دووپاتیانکردووەتەوە کە کارلۆ ئەنچێلۆتی دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام نابێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).