رووداو دیجیتاڵ
لە دووەم یاریی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لەسەر ئاستی ئەورووپا، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەرامبەر لاتڤیا یاری دەکات.
دوای بردنەوەی یەکەم یاریی لەژێر سەرپەرشتی تۆماس تۆخێل، ئەمشەو ئینگلتەرا لە یاریگەی وێمبڵی دووەم یاریی خۆی لە پاڵاوتنەکاندا ئەنجامدەدات و میوانداریی هەڵبژاردەی لاتڤیا دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی دووەم یاری و بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە.
کۆڵ پالمەر، ئەستێرەی یانەی چێڵسی هاوشێوەی یاریی رابردوو بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات، ئەنتۆنیۆ گۆردۆن لە یاریی بەرامبەر ئەلبانیا تووشی پێکانبوو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا رایگەیاندووە، کە ئەو یاریزانە مەشقەکانی هەڵبژاردەکەی بەجێهێشت و گەڕایەوە نیوکاسڵ بۆ ئەوەی پشکنینی زیاتر بکات و جۆری پێکانەکەی و ماوەی دوورکەوتنەوەی یەکلاببێتەوە.
لاتڤیا هاوشێوەی ئینگلتەرا یاریی یەکەمی بردووەتەوە و هەردوو هەڵبژاردە لە دەستپێکی پاڵاوتنەکاندا رکابەری لەسەر پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی یازدەیەم دەکەن.
تۆماس تۆخێل، راهێنەری ئینگلتەرا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی راشفۆرد و فۆدینەوە قسەیکرد و گوتی " لەگەڵ راشفۆرد و فیل فۆدین کۆبوومەوە، ئەوان دەزانن من رێز لەو ماندووبوونەی ئەوان دەگرم. کاتێک سەیری یارییەکان دەکەمەوە دەزانم کە ئەوان چەند ماندوو دەبن لەگەڵ تیپەکە و چۆن بەرگری دەکەن لە هێرشە پێچەوانەکاندا. ئەوان یاریزانی زۆر خێران، من پێویستم بەو جۆرە یاریزانانەیە کە بە ئەرێنی بمێننەوە، رەنگە بوار نەڕەخسابێت بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ هەڵبژاردەکە پێشانبدەن، بەڵام ئەوان یاریزانی ناوازەن."
راهێنەری ئینگلتەرا دەڵێت "هیچ یاریزانێکمان بەهۆی ئەنجامنەدانی یارییەکی باشەوە لە پێکهاتەکە دوورناخرێنەوە. تیپەکە ئاستێکی باش پێشکێش دەکات، بەڵام هێشتا هەل ماوە بۆ باشتربوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ