گواردیۆلا رۆیشتنی ژمارەیەک یاریزانی لە یانەکەی راگەیاند

24-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا پرێمەرلیگ مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، رۆیشتنی ژمارەیەک یاریزانی لە ریزەکانی یانەکەی راگەیاند.
 
پێپ ئاشکرایکرد ژمارەیەک یاریزانی گەورە، ئەمساڵ دوایین ساڵیان دەبێت لە یانەکە و لە هاویندا مانچێستەر سیتی بەجێدەهێڵن.
 
سیتی لە یاریگەی خۆیدا 2 - 0 بە لیڤەرپوول دۆڕا و هێندەی دیکە یانەی لیڤەرپوولی لە نازناوی ئەمساڵی پرێمەرلیگ نزیککردەە.
 
گواردیۆلا پاش یارییەکە گوتی، "باش یارییمانکرد، لە لێدانی کۆتاییدا هەندێک کەموکورتیمان هەبوو، بەڵام بەرامبەر تیپێکی زۆر باش یارییمانکرد".
 
هەروەها دەڵێ، "لەسەرەتای گێمی دووەمدا ئەوان لەقووڵاییدا بەرگرییان کرد و ئێمە پەنامان بردە بەر خاڵێک کە پێشتر تاقیمان نەکردبووەوە، کە بریتی بوو لە راکێشانیان بۆ ناوچەی سزای خۆیان و هەوڵدان بۆ سەرکەوتن بەسەریاندا".
 
ئەو دەڵێ تاکتیکی ئێمە بریتیبوو لە گەیشتنە چارەکی سێیەمی یاریگە و هێڵەکانی تەنیشت، زۆرجار ئەوەمانکرد، بەڵام گۆڵمان پێنەکرا.
 
پێپ گوتی، ئێمە لە دوو یاریی رابردوومان لە پرێمەرلیگ باش یارییمانکرد، بەڵام لە یارییەکەی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ باشنەبووین و لە کۆی دوو یاریدا، نەمانتوانی شایستەی سەرکەوتن بین.
 
پێپ رووبەڕووی گوشاری زۆر بووەتەوە، لە رکابەریکردن لەسەرجەم نازناوەکانی ئەمساڵ چووەتە دەرەوە، بەڵام هێشتا گەشبینە بەوەی لە داهاتوودا هەموو شت چاک دەبێت.
 
گواردیۆلا باسی بێئەزموونیی پێکهاتەکەی دەکات، ئەو دەڵێ، "جیا لە دیبرۆین و ناسان ئاکێ، یاریزانەکانی دیکەمان لاون و ئەوەی یانەکە بڕیار لەبارەی داهاتووەوە دەدات، من پێموایە داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی یانەکە دەکات بۆ چەندین ساڵی داهاتوو".
 
هەروەها دەڵێ، "دەبێ بیر لە داهاتوومان بکەینەوە و هەنگاوی بۆ بنێین، هەنگاوی داهاتوومان ئەوەیە کە شوێنی هەندێک لە یاریزانە گەورەکانمان چۆڵدەبن، چونکە لێرە دەڕۆن و ئێمە دەبێ بیر لە هەنگاوی دواتر بکەینەوە".
 
لە ئەنجامی بردنەوەی دوێنێی لیڤەرپوول لە مانچێستەر سیتی، رێدز کۆی خاڵەکانی گەیاندە 64 خاڵ لە پێشەنگی خولەکەدا و بەجیاوازیی 11 خاڵ پێش ئارسیناڵی دووەم کەوت، ئەگەرچی ئەو یانەیە یارییەکی کەمتر ئەنجامداوە.
 
مانچێستەر سیتی بەکۆکردنەوە 44 خاڵ، لە پلەی چوارەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە