ئەگەری هەیە وەرزی داهاتوو رۆناڵدۆ یان بێنزێما بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا بکەن

23-11-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سیستمە تازەکەی چامپیۆنزلیگ رەنگە چەندین ئەفسانە و یاریزانی گەورە بگەڕێنێتەوە پاڵەوانێتییەکە.
 
بەپێی هەواڵەکان، سعودییەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتووەوە بەشداری لە چامپیۆنزلیگ بکەن و شوێنی خۆیان لە پاڵەوانێتییەکەدا بکەنەوە.
 
لە ماوەی رابردوودا، چەندین هەواڵ لەبارەی بەشداری کردنی یانە سعودییەکان لە چامپیۆنزلیگدا بڵاوبوەوە و دوایین هەواڵیش لەلایەن خۆسێ فێلیکس دیاز، سەرنووسەری رۆژنامەی مارکاوە بوو کە رایگەیاند رەنگە لە وەرزی داهاتووەوە لەگەڵ پەیڕەوکردنی سیستمە تازەکەی چامپیۆنزلیگ یانەیەکی سعودی لە پاڵەوانێتییەکەدا ببینین. 
 
لە سەرەتای قسەکانیدا فێلیکس باس لە گرنگی بریارەکە دەکات و دەڵێت "تۆپی پێ لە گۆڕاندایە. یۆفا دەتوانێت لە پێناو زیادکردنی چێژی یارییەکان هەموو شتێك بگۆڕێت، چونکە تۆپی پێ بۆ خۆشییە. بەشێكی زۆری ئەستێرەکانی پێشووی ئەوروپا ئێستا لە سعودیەن و هەموو هاندەرێكیش لە جیهاندا دەیەوێت ئەوان لە باشترین پاڵەوانێتیدا بەشداری بکەن و رکابەری بکەن."
 
لە درێژەی قسەکانیدا سەرنووسەرەکەی رۆژنامەی مارکا دەڵێت "چەند مانگێك دەبێت گفتوگۆکان لە نێوان سعودیە و یۆفا دەستی پێکردوە و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدان. پێشنیارەکە بۆ ئەوەیە سعودییەکان ببنە ئەندامێكی هەمیشەیی لە پاڵەوانێتییەکە و هەموو وەرزێک بەشداری لە خولەکەدا بکەن."
 
لەبارەی شێوازی سەرکەوتنی یانە سعودییەکان بۆ چامپیۆنزلیگ فێلکس دەڵێت "پێشنیارەکە بۆ ئەوەیە یەك یانەی سعودی بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکات و ئەو یانەیەش پاڵەوانی خولی رۆشنی سعودی دەبێت."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا فێلیکس باس لە ئەگەری پەسەندکردنی پێشنیارەکە دەکات و دەڵێت "لە وەرزی داهاتووەوە سیستمی نوێی چامپیۆنزلیگ پەیڕەو دەکرێت و پێم واییە یۆفا وەڵامی داواکاری سعودییەکان دەداتەوە و بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هەمووان دەبێت."
 
وەرزی 2024/2025 سیستمێکی نوێ لە چامپیۆنزلیگدا پەیڕەدەکرێت و چەندین گۆڕانکاری ریشەیی لە خولەکەدا روودەدات. لە وەشانە نوێییەکەدا، 36 یانە لە یەك کۆمەڵەدا دەبن کە لە رابردوودا 32 یانە بەسەر 8 کۆمەڵەی جیاوازدا دابەش دەبوون. هەر یانەیەك 10 یاری لە دژی 10 یانەی جیاواز دەکات کە پێنج یاری لە ناو یاریگەی خۆی و پێنجیان لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێت. دواتر هەشت یانەکەی پێشەوەی ریزبەندی راستەوخۆ بۆ قۆناخی 16 سەردەکەون و ئەو یانانەی لە ریزبەندییەکەدا لە پلەی 9 بۆ 24 دێن، یاری دەرکردن لە دژی یەکدی دەکەن و هەشتیان بۆ قۆناخی 16 سەردەکەوێت و لەو قۆناخەوە بەهەمان شێوازی پێشوو پاڵەوانێتییەکە بەردەوام دەبێت و هێچ گۆڕانکارییەك نەکراوە. 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە