نەیمار باشترین یاریزانی داهاتووی بەرازیل دەستنیشاندەکات

23-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن نەیمار داسێلڤا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسێلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی هیلالی سعودی، پێیوایە یەکێک لە لاوە بەهرەمەندەکانی بەرازیل، لە زۆر یاریزانی دیکەی ئێستای وڵاتەکەی زیاتر دەدرەوشێتەوە لە داهاتوودا.
 
نەیمار کە هێشتا لە قۆناخی چاکبوونەوە لە پێکانە قورسەکەیدایە، پێیوایە ئیستیڤاو ویلیانی بەهرەمەندی بەرازیلی، لە ئیندریکی هێرشبەری نوێی ریال مەدرید باشترە.
 
ئیستیڤاو و ئیندریک پێکەوە لە پالمێراس یارییانکردووە، بەڵام نەیمار پێیوایە ئەو بەهرەمەندە، لە ئیندریک باشتر دەبێت.
 
ئیندریک لە هاوینی ئەمساڵدا پەیوەندی بەریال مەدریدی ئیسپانییەوە کرد و ئاستێکی بەرچاو لەگەڵ یانەکە لە تەمەنی 18 ساڵیدا پێشکێشدەکات.
 
نەیمار لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دەستنیشانکردنی باشترین بەهرەمەندی داهاتووی بەرازیل، ئەو دەڵێ ئیستیڤاو لە هەمووان سەرنجڕاکێشتر دەبێت.
 
نەیمار دەڵێ، "پێموایە ئیستیڤاو، بەهرەیەکی گەورەی هەیە و لە دونیای تۆپی پێدا دەدرەوشێتەوە و بلیمەت دەردەچێت".
 
تەنیا نەیمار بەتوانای ئیستیڤاو سەرسام نییە، بەڵکو برانکۆی یاریزانی ناوەڕاستی میدڵسبرە کە بەرازیلییە، هەمان بۆچوونی هەیە و دەڵێ، "لەدوای نەیمارەوە باشترین بەهرەمەندی بەرازیلی، ئیستیڤاوە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە بەسەر ئەو رۆژانەدا کە یاریزانی بەوجۆرە کوالیتی بەرزەمان هەبوو، ئێستا بەرازیل نەوەیەکی بێوێنەی هەیە".
 
برانکۆ زیاتر دەڵێ، "هەڵبژاردەی بەرازیل لە مۆندیالی 2026 زۆر بەهێز دەبێت و ئیستیڤاو یاریزانێکی مەترسیداری پاڵەوانێتییەکە دەبێت".
 
ئیستیڤاو ئێستا تەمەنی 17 ساڵە، هاوینی داهاتوو پەیوەندی بەیانەی چێڵسی ئینگلیزییەوە دەکات، لە کاتێکدا ئەو یانەیە گرێبەستی ئەو لاوە بەهرەمەندە بەرازیلییەی بە 34 ملیۆن یۆرۆ کڕیوەتەوە.
 
ئیستیڤاو لە تیپی یەکەمی پالمێراس یارییدەکات و لە 28 یاریدا نۆ گۆڵی تۆمارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە