لاپۆرتا ئەمجارەش بەڵێنەکەی نەبردەسەر

23-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، باس لەوە دەکات کە خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، ئەمجارەش درۆی لەگەڵ هاندەرانی یانەکەی کرد و نەیتوانی ئەو بەڵێنە بباتەسەر کە پێیانی دابوو.
 
ئەو راپۆرتە رۆشنایی دەخاتە سەر دۆخی ئابووری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە ماوەی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا.
 
کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە کاردەکات بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ئابوورییە گەورەیەی کە لە دوای پەتای کۆرۆناوە تووشی یانەکە بووە.
 
خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بەڵێنیدا لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی خۆیدا، دۆخی بارسا راست بکاتەوە و یانەکە لە داڕووخانی دارایی رزگاربکات.
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی کۆلیمانیای ئیسپانی، دەرکەوتووە کە کۆمپانیای ئارمارک بڕی 40 ملیۆن یۆرۆی بە یانەی بارسێلۆنا نەداوە وەک ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، بەڵکو بڕی 25 ملیۆن یۆرۆی داوە، کە بۆ تۆمارکردنی یاریزانەکان بەکارهاتووە.
 
ئەو راپۆرتە روونیکردووەتەوە، خوان لاپۆرتا جارێکی دیکە نەیتوانیوە لە بەڵێنەکانیدا سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی دۆخی دارایی یانەکە بەپێی یاسای دارایی یاریی خاوێن راستگۆ بێت و ئەمجارەش بەڵێنەکەی نەبردەسەر، بەتایبەتی کە بارسێلۆنا هێشتا دوورە لە گەیشتن بە یاسای 1/1.
 
هەروەها یانە کەتەلۆنییەکە هێشتا دوورە لە داخستنی رێکەوتنەکەی لەگەڵ نایک و پێکهێنانی پێکهاتەیەکەی نوێ بۆ ستۆدیۆکانی بارسێلۆنا.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، ئەمە هۆکاری سەرەکی رۆیشتنی ئیلکای گوندۆگانی یاریزانی ئەڵمانییە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستا.
 
بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا لەم هاوینەدا، کە تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ داخستنی دەرگای مێرکاتۆ، سەرکەوتوو بووە لە واژۆکردنی تەنیا یەک گرێبەست، ئەویش دانی ئۆلمۆی یاریزانی یانەی لایپزیگی ئەڵمانییە، کەچی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئەویش ناونووس بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە