کێشەکە ئاڵۆزتر دەبێت.. بارسێلۆنا دژی ئەلڤێش دەوەستێتەوە

23-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی ئەلڤێش بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

داواکاریی گشتی بارسێلۆنا، تانەی لە بڕیاری دادگا دا کە دەیەوێت مافی ئازادکردنی بەدەستەبەری بداتە دانی ئەلڤێشی یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا لە بەرامبەر دانانی یەک ملیۆن یۆرۆ.
 
دانی ئەلڤێش، مانگی دوانزەی ساڵی 2022 لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و خرایە زیندان، پاشئەوەی کچێک ئەوی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە یانەیەکی شەوانەی شاری بارسێلۆنادا پەلاماری داوە و بەزۆر و بەبێ رەزامەندی خۆی، سێکسی لەگەڵدا کردووە.
 
داواکاریی گشتی بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە تانەدانەکە لەسەر بنەمای ئەو راستییەیە کە ئەو هۆکارانەی کە ساڵێک لەمەوبەر بۆ دەستبەسەرکردنی یاریزانە بەرازیلییەکە پێش دادگاییکردنی پەسەندکراون، هێشتا کارپێکراون، و لەوەش زیاتر بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە ئەلڤێش سزای 4 ساڵ و 6 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە وەک ئەنجامدەری تاوانێکی دەستدرێژیی سێکسی.
 
داواکاریی گشتی بارسێلۆنا، روونیکردەوە کە دەبێت دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردن تاوەکو نیوەی ئەو سزایە درێژبکرێتەوە کە لە بڕیارەکەدا سەپێنراوە، واتە 2 ساڵ و 3 مانگ.
 
لە درێژەی بەیاننامەکەدا، هاتووە "مەترسییەکی گەورەی هەڵهاتنی ئەلڤێش لە ئیسپانیا هەیە، بۆیە ناتوانرێت بە رێوشوێنی دیکە سزایەکەی سووک بکرێت، بەتایبەتیش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەلڤیش هیچ رەگ و ریشەیەکی لە وڵاتەکەماندا نییە، و رەگ و ریشەی لە وڵاتی رەسەنی خۆیدا هەیە، کە بەرازیل وڵاتێکە هاوڵاتیانی خۆی ئەوانەی بە بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی تۆمەتبارن رادەستی وڵاتانی دیکە ناکاتەوە، زێدەباری ئەوەی کە خۆی و دەوروبەرەکەی توانایەکی دارایی گەورەیان هەیە، ئەمەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە".
 
تاوەکو ئێستا دەستەی بەرگری لە ئەلڤێش نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیەی دەستەبەری بدات، بۆیە دەبێت لانیکەم تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە زینداندا بمێنێتەوە.
 
بەگوێرەی سەرچاوە دادوەرییەکان، تیمی بەرگری لە ئەلڤێش کە لەبەردەم دادگای پلەیەکدا بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر خانمێکی گەنج سزای 4 سا
ڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، رۆژی هەینی رابردوو نەیتوانی یەک ملیۆن یۆرۆ دابنێت، سەرەڕای ئەوەی داوایکردبوو ماوەکەیان کاژێرێک بۆ درێژبکەنەوە.
 
بۆیە یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، بەدرێژایی هەفتە لە زیندانی برایانس 2 دەمێنێتەوە، چونکە تاوەکو رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەرگای ئەو نووسینگەیەی کە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە پارەدانانەدا دەکات ناکرێتەوە.
 
بەگوێرەی سەرچاوە دادوەرییەکان، بەرگریکارانی ئەلڤێش هەوڵی کۆکردنەوەی یەک ملیۆن یۆرۆیان دەدا، کە دادگا وەک کەفالەت داناوە بۆ ئەوەی یاریزانەکە لە دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردن ئازاد بکرێت.
 
دادگاکان کراوەن بۆ وەرگرتنی پارەکە لە کاژێر 09:00ـی بەیانی تاوەکو 14:00ـی پاشنیوەڕۆ لە دووشەممە تاوەکو هەینی. بۆیە دەبێت تەواوی هەفتەکە لە دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردندا بەسەرببات، کە 14 مانگی لە زینداندا بەسەربردووە، کە لە 20ـی1ـی2023 سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
 
چوارشەممەی رابردوو دادگای بیست و یەکی بارسێلۆنا بە زۆرینەی دەنگ، دوو دەنگ دژی یەکێک لە سێ دادوەرەکە بڕیاریدا، بە پێدانی مافی ئازادکردنی بەدەستبەر بەرامبەر یەک ملیۆن یۆرۆ، لەگەڵ پابەندبوون بە رادەستکردنی پاسپۆرتەکەی (ئیسپانی و بەرازیلی) بۆ ئەوەی ئیسپانیا بەجێنەهێڵێت، و هەفتانە لەبەردەم دادگا ئامادە بێت.
 
هەروەها دادگا بڕیاریدا رێگری بکات لە نزیکبوونەوەی یاریزانی تۆپی پێ لە ماڵی قوربانییەکە و شوێنی کارەکەی و هەر شوێنێکی دیکە کە لەوانەیە کاریگەری بەسەریەوە هەبێت، هەروەها نابێت بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی پێوە بکات.
 
دوای پێگەیشتنی بڕیارەکەی دادگا، بەرگریکارانی ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە بەرازیلییە هەوڵی کۆکردنەوەی ئەو ملیۆن یۆرۆیە دەدات کە دادگا داوای دەکات، چونکە ئازاد ناکرێت تاوەکو ئەوکاتەی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری دادگا و فەرمانێکی نوێ دەردەکرێت و رەزامەندی لەسەر ئازادکردنی کاتی دەردەکات.
 
سەرەتا لە میدیاکان وا بڵاوکرایەوە کە باوکی نەیمار دا سێلڤای هاوڕێی دانی ئەلڤێش، بڕە پارەکە دەخاتە سەر هەژماری دادگا، بەڵام دواتر باوکی نەیمار ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند "وەک هەمووان دەزانن، سەرەتا یارمەتی دانی ئەلڤێشمدا بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی یاسایی هەبێت. بەڵام ئێستا بارودۆخەکە جیاوازە لەوەی پێشوو، و دادگاکانی ئیسپانیا بڕیاریان لەسەر تاوانەکە داوە. ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ بەستنەوەی ناوی من و ناوی کوڕەکەم بە بابەتێکەوە کە چیدی پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. هیوادارم دانی و خێزانەکەی هەموو وەڵامەکان بدۆزنەوە کە بەدوایدا دەگەڕێن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە