تاقیکردنەوەیەکی دیکە بۆ نایگێلسمان و هەوڵێکی دیکەی فەرەنسا بۆ پێشاندانەوەی هێز

23-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یاریی دۆستانە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هەڵبژاردەی فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو هەڵبژاردەی گەورەی ئەوروپا و دوو براوەی سەرجەم نازناوە کیشوەری و جیهانییەکان بەمۆندیالیشەوە، لە لیۆنی فەرەنسا بەیەکدەگەن، بەڵام چەندە گەورەیی و بردنەوەی نازناوەکان لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەدا هاوبەشە، ئەوەندەش دۆخ و ئاست و ئەنجام لە نێوانیاندا جیاوازە.
 
فەرەنسا میوانداریی ئەڵمانیا دەکات و دوو دۆخ و دوو ئاستی جیاواز گوزارشت لە هەردوو هەڵبژاردە دەکات. فەرەنسا وەک دووەمی دوایین جامی جیهانی و یەکێک لە بەربژێرە هەرە بەهێزەکان بۆ بردنەوەی نازناوی یۆرۆی داهاتوو دەردەکەوێت. هەڵبژاردەکە لە سەقامگیریی و ئاستێکی ناوازەدا دەژی. بەیەکەمی کۆمەڵەکەی خۆی لە پاڵاوتنەکاندا دەرکەوتووە و هەموو شت مایەی ئومێدی بۆ هاندەرانی فەرەنسا.
 
فەرەنسا جارێکی دیکە بەپێکهاتەیەکی لێوانلێو لە یاریزانانی ئاستبەرز و بەکوالیتییەوە دەردەکەوێتەوە. بۆ فەرەنسییەکان مایەی دڵخۆشییە کە ئێستا یاریزانانی وڵاتەکەیان لەسەرجەم هێڵەکاندا باش و ئامادەن بۆ دەرکەوتنەوە بە درێسی هەڵبژاردەکەوە.
 
دیدێ دیشام کە ئامانجیەتی جارێکی دیکە کەڵەشێرەکان بباتەوە سەر سەکۆی نازناوەکان، لە یارییەکەی ئەڵمانیادا پێشبینیکراوە گۆڕانکاریی گەورە نەکات و تەنیا هەوڵبدات جارێکی دیکە لەسەر ئامادەیی یاریزانەکانی بۆ یۆرۆ رابوەستێت.
 
ئەڵمانیا تەواو پێچەوانەی فەرەنسایە. شکستی ئەڵمانیا لە مۆندیالی قەتەر و کردنە دەرەوەی لە قۆناخی یەکەمی جامی جیهانی، جارێکی دیکە دەرگای هەڵچوون و کێشەکانی بەڕووی هەڵبژاردەکەدا خستەوە سەرپشت کە ماوەیەکی زۆرە لە سەقامگیرییەوە دوورە.
 
ئەڵمانیا بەبۆچوونی هەندێک، لە دۆخێکی هێندە خراپدایە، ئەگەر تایبەتمەندی ئەوەی نەبووایە کە خۆی رێکخەری یۆرۆی داهاتووە و پاڵاوتن ئەنجام نادات، بەئاسانی نەدەگەیشتە یۆرۆی 2024.
 
ئەڵمانیا کە متمانەی بەیولیان نایگێلسمانی راهێنەری لاو داوە، چاوی لەوەیە لانیکەم لە بەرامبەر فەرەنسادا، کەمێک لە کەوتنە سەر راستەڕێی سەقامگیری و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش پێشان بدات، چونکە ئەڵمانیا پێویستی بە هەموو تاڵەموویەکی ئومێد هەیە بۆ ئەوەی بۆ هاندەرەکانی دووپاتبکاتەوە هەنگاو بەرەو باشبوون دەهاوێت.
 
نایگێلسیمان ئومێدی باشی دایە هاندەرانی هەڵبژاردەکەی، کاتێک توانی تۆنی کرووس لە دوای سێ ساڵ وازهێنان، بگەڕێنێتەوە هەڵبژاردەکە. کرووس لەبەرئەوەی لەگەڵ ریال مەدریدیش ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات ئەگەرچی تەمەنی سەروو سی ساڵە، ئومێدی ئەوەی لە پێکهاتەکەدا زیندووکردووەتەوە، بەشێک لە کێشەکانی مانشافت لە یاریگەدا چارەسەر بکات.
 
بۆ نایگێلسمان ئەوە زۆر گرنگە لە یارییەکەی فەرەنسا کەمێک لە گوڕوتینی دێرینی ئەڵمانیا پێشان بداتەوە، چونکە ماوەیەکی زۆرە هاندەرانی ئەڵمانیا لەنێو یاریگەدا و بەدرێسی هەڵبژاردەکەیانەوە، تەنیا ژمارەیەک یاریزان دەبینن کە لە سێبەری ئەو ئەستێرانە دەچن، رۆژێک لە رۆژان سەرچاوەی ترسبوون بۆ هەموو جیهان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە