رووداو دیجیتاڵ
یاسایەکی پێشنیازکراوی پرێمەرلیگ رەتکرایەوە و مانچێستەر سیتی و نیوکاسڵ لەم بڕیارە سوودمەندی یەکەمن.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، خاوەن پشکی یانەکانی پرێمەرلیگ کۆبوونەوە بە مەبەستی دەنگدان لەبارەی یاسایەك کە رێگری لەو یانانە دەکات کە هەمان خاوەن پشکیان هەیە لە گواستنەوەی زستانەدا یاریزان بە خواستن بە یەکدی بدەن.
یاساکە پێویستی بە دەنگی 14 یانە بوو بۆ ئەوەی قبوڵبکرێت، بەڵام تەنیا 13 یانە دەنگ لە بەرژەوەندی یاساکە دەدەن و 7 یانەکەی دیکە لەدژی یاساکە دەبن، بەمشێوەیە بڕیاردرا یاساکە کاری پێنەکرێت.
ئێستا ئەو یانانەی هەمان خاوەن پشکیان هەیە دەتوانن بەردەوامبن لەوەی یاریزان بەخواستن بە یەکدی بدەن و لە رووی یاساییەوە هیچ کێشەیەکیان بۆ دروستنابێت.
بەپێی میدیاکان، یانەکانی نیوکاسڵ یونایتد، مانچێستەر سیتی، چێڵسی، وڵڤەرهامپتۆن، شێفیڵد یونایتد، ئێڤرتن و نۆتینگهام فۆرێست ئەو حەوت یانەیەن کە دەنگیان لە دژی قبوڵکردنی یاساکە داوە و هۆکاری رەتکردنەوەی یاساکەن.
هەردوو یانەی نیوکاسڵ یونایتد و مانچێستەر سیتی بە سوودمەندی یەکەمی ئەم بڕیارە دادەنرێن، نیوکاسڵ کە لەلایەن سندووقی وەبەرهێنانی سعودیەوە خاوەندارێتی دەکرێت، دەتوانێت یاریزان بە خواستن لە هەریەکە لە یانەکانی نەسڕ، ئەهلی، ئیتیحاد و هیلال بگواززێتەوە کە هەر چوار یانەکە لەلایەن هەمان سندووقەوە خاوەندارێتی دەکرێن.
نیوکاسڵ بەدەست قەیرانی پێکانی یاریزانەکانییەوە دەناڵێنێت، هەریەکە لە سڤێن بۆتمان، کاڵم ویڵسۆن، ئیلیۆت ئاندێرسۆن، هارڤی بارنس، جەیکۆب مێرفی، دان بێرن و مات تارگێت بەهۆی پێکانەوە لە یانەکە دابڕاون. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ساندرۆ تۆنالی ناوەڕاستکاری یانەکە بەهۆی ئەنجامدانی گرەوکردنی نایاسایی بۆ ماوەی 10 مانگ لە یاریکردن سڕکراوە.
پێشبینی دەکرێت نیوکاسڵ لە گواستنەوەی زستانەدا سوود لە رەتکردنەوەی ئەو یاسایە وەربگرێت و چەند یاریزانێك بە خواستن لە یانە سعودییەکانەوە بگوازێتەوە.
روبن نێڤێس، ئەستێرەی پێشووی وڵڤەرهامپتۆن و یاریزانی ئێستای یانەی هیلال یەکێکە لەو ناوانەی بە نیوکاسڵەوە دەبەسترێتەوە و لە ماوەی رابردوودا ئێدی هاو، راهێنەری یانەکە بە ئاشکرا رایگەیاند کە ئارەزوو دەکات نێڤێس پەیوەندی بە یانەکەیەوە بکات، جگە لەوەش دەکرێت، یانەی نیوکاسڵ بەپشتبەستن بەم یاسایە، داوای گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یان نەیمار داسیلڤا یانیش هەر یاریزانێکی دیکە بکات کە لەو چوار یانە سعودییە یاریی دەکەن.
مانچێستەر سیتی سوودمەندێکی دیکەی رەتکردنەوەی ئەم یاسایەیە، سیتیزنس کە لەلایەن سیتی گروپەوە خاوەندارێتی دەکرێت، دەتوانێت یاریزان لە 12 یانە لە سەرتاسەری جیهان بۆخۆی بگوازێتەوە و لە ناو ئەو یانانەشدا خیرۆنای پێشەنگی لالیگا دێت.
ئەم کارە بۆ مان سیتی نامۆ نییە، یانەکە لە وەرزی 2014/2015 فرانک لامپاردی لە یانەی نیویۆرك سیتی ئەمریکییەوە بە خواستن گواستەوە کە یانە ئەمریکییەکە بەهەمان شێوەی سیتیزنس لەلایەن سیتی گرووپەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
بە پێی دوایین هەواڵەکان سێر جیم راتکلیف، خاوەنی یانەی نیسی فەرەنسی دەبێتە یەکێك لە خاوەن پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد، بەمشێوەیە یانە ئینگلیزییەکە دەتوانێت بە هەمان شێوەی نیوکاسڵ و مان سیتی سوود لەم یاسایە وەربگرێت و بە خواستن یاریزان لە یانەی نیسەوە بگوازێتەوە.
ئەو یانانەی پرێمەرلیگ کە هەمان خاوەن پشکیان لەگەڵ یانەی دیکەدا هەیە:
ئارسیناڵ - کۆلۆرادۆ راپیدس
مانچێستەر سیتی - یۆکۆهۆما ئێف مارینۆس - خیرۆنا - پالێرمۆ - نیویۆرک سیتی
نیوکاسڵ یونایتد - ئەهلی - ئیتیحاد - هیلال - نەسڕ
چێڵسی - ستراسبۆرگ
ئاستۆن ڤێلا - ڤیتۆریا گیمارایش
وێست هام یونایتد - سپارتا پراگ
کریستاڵ پاڵاس - لیۆن - بۆتۆفاگۆ - ئۆگسبۆرگ
بۆرنمۆس - لۆریان
برایتن - یۆنیۆن سانت جیلواس
نۆتینگهام فۆرێست - ئۆلیمپیاکۆس
شێفیڵد یونایتد - هیلال یونایتد - کێرالا یونایتد - بیرشکۆت
مانچێستەر یونایتد - نیس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ