ڤیدیۆ؛ لە یارییەکدا 9 گۆڵ تۆمارکران و نەیمار گەڕایەوە

22-10-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نەیمار
نەیمار
نیشانەکردن نەیمار چامپیۆنزلیگی ئاسیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلالی سعودی سێیەم بردنەوەی لەسەریەکی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا تۆمارکرد و لە یارییەکی پڕ گۆڵدا لە یانەی عەینی ئیماراتی بردەوە.
 
یارییەکە لە ئیمارات بەڕێوەچوو، دوای 26 خولەک یارییکردن رێنان لۆدی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی هیلال تۆمارکرد.
 
زۆری نەبرد لە خولەکی 39 سۆفیان رەحیمی ئەنجامەکەی بۆ عەین یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی دووەمی کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، میلینکۆڤیچ ساڤیچ گۆڵی دووەمی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد.
 
بەر لە لێدانی فیکەی کۆتایی، سالم دوسەری گۆڵی سێیەمی یانەی هیلالی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی یانەی میوان کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 63 ماتیۆ سانابریا ئەنجامەکەی بۆ عەین کەمکردەوە و گۆڵی دووەمی بۆ یانەکە تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا دوو خولەک سالم دوسەری گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی یانەی هیلالی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 67 سۆفیان رەحیمی گۆڵی دووەمی خۆی لە یارییەکەدا تۆمارکرد و جارێکی دیکە ئەنجامەکەی بۆ عەین کەمکردەوە.
 
سالم دوسەری بە گۆڵێکی جوان وەڵامی دایە و لە خولەکی 75 بووە خاوەنی هاتریک و بۆ جاری پێنجەم تۆڕی یانەی عەینی هەژاند.
 
لە خولەکی 76 دوای ساڵێک دوورکەوتنەوە بەهۆی پێکانەوە، نەیمار داسیلڤا گەڕایەوە نێو یاریگەکان.
 
دوای ئەوە عەلی بلەیهی، یاریزانی یانەی هیلال بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، پاشان سۆفیان رەحیمی بەلێدانی سزا گۆڵی چوارەمی یانەی عەینی تۆمارکرد، یارییەکە بە پێنج گۆڵ بەرامبەر چوار گۆڵ بۆ هیلال کۆتاییهات و یانەکە سێیەم بردنەوەی لەسەریەکی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا تۆمارکرد و لە پێشەنگی ریزبەندی یانەکانی ئاسیایە.
 
هیلال لەم وەرزەدا لەسەر ئاستی ئاسیا و سعودیە، لە کۆی 10 یاری هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و لەسەر هەردوو ئاست لە پلەی یەکەمی ریزبەندە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە