ئەیمەن حوسێن گەڕایەوە نێو راهێنان و بۆ یاریی فەلەستین ئامادەیە

22-09-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن ئەیمەن حوسێن چاکبوونەوە لە پێکان
A+ A-
رووداو هەولێر 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە رێگای تۆڕی میدیایی رووداوەوە، چاکبوونەوەی باری تەندروستی ئەیمەن حوسێنی گۆڵکاری هەڵبژاردەی عێراق دووپاتدەکاتەوە، بەشێوەیەک ئەمڕۆ یاریزانەکە گەڕاوەتەوە نێو راهێنان و ئامادەکارییەکان. 
 
ئەیمەن حوسێن، لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ عومان لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لەنێو یاریگەی بەسرە، دوای ئەوەی گۆڵی بردنەوەی تیپەکەی تۆمارکرد، تووشی پێکان بوو، بەشێوەیەک یەکێک لە دەمارەکانی دڵی کێشەی تێکەوت و مەترسی لەسەر ژیانی دروستبوو، هەموو هەوڵێکی تەندروستی لە بەسرە و وڵاتانی قەتەر و کوێت درا، تاوەکو ئەیمەن چاکبووەوە. 
 
ریاز هادی، ئەندامی نووسینگەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "پزیشکی تایبەتی ئەیمەن حوسێن لە قەتەر پشتڕاستیکردووەتەوە کە یاریزانەکە بەتەواوی چاکبووتەوە و ئێستا ئەو دەتوانێت بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان و راهێنان بکات، سەرەتا راهێنانی توانای جەستەیی بۆ چەند رۆژێک دەکات، ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ یاریکردن". 
 
هێرشبەرەکەی هەڵبژاردەی عێراق لە 22ـی مانگی ئاداری 1996 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، وەرزی رابردوو لە ریزەکانی یانەی جەوییە یاریکرد و گۆڵکاری خولی ئەستێرەکانی عێراق بوو، بەتۆمارکردنی 27 گۆڵ، و بۆ وەرزی ئەمساڵ وەک یاریزانی پیشەگەر چووە ریزەکانی یانەی خوڕی قەتەری". 
 
ئەو ئەندامەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، زیاتر روونیکردەوە "گەڕانەوەی ئەیمەن حوسێن لە شاری دوەحە بە چەند مەشقێکی سەرەتایی دەستیپێکردووە، دوای چەند رۆژێک لەگەڵ یانەکەی دەست بە راهێنانی قورس و خۆئامادەکردن بۆ یاریکردن دەکات، لەوەش دڵنیاین کە بۆ یاری داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر فەلەستین ئامادە دەبێت و یاریدەکات".
 
ئەیمەن حوسێن، لە خولی عێراق بۆ یانەکانی نەفت، جەوییە، عەلەم، شورتە یاریکردووە، وەک یاریزانی پیشەگەریش لە خولەکانی ئیمارات و مەغریب لەگەڵ تونس یاریکردووە، ئەمساڵیش ئاستی خۆی لە خولی قەتەری تاقیدەکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە