یۆفا: مانچێستەر سیتی پێش ریال مەدریدە

22-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یۆفا چامپیۆنزلیگ ریال مەدرید مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، پێشەنگی ریزبەندی یانەکانی ئەوروپای گرت، بەهۆی ئەو ئەنجامانەوە کە لە پێنج ساڵی رابردوودا لە چامپیۆنزلیگ بەدەستیهێناون.
 
مانچێستەر سیتی، لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، پاشئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بردەوە.
 
مان سیتی، جیا لە نازناوەکەی وەرزی ئەمساڵی، لە پێنج وەشانی رابردووی چامپیۆنزلیگدا پارێزگاریی لە ئاستی خۆی و گەیشتن بە قۆناخە پێشکەوتووەکانی پاڵەوانێتییەکە کردبوو. ساڵی 2021 گەیشتە یاریی کۆتایی و بە چێڵسی دۆڕا و سێ ساڵی دواتر لە چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە کرایە دەرەوە.
 
تیپەکەی پێپ گواردیۆلا، پێشەنگی دوایین ریزبەندی ئەوروپای بەدەستهێنا، لەو لیستەدا کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بڵاویکردەوە، سیتی 145 خاڵی هەیە.
 
مان سیتی گەیشتووەتە کۆکردنەوەی ئەو ژمارە خاڵە، پاشئەوەی لە وەرزی 2018 - 2019 کۆی 25 خاڵی کۆکردەوە، وەرزی دواتریش بەهەمان ژمارە خاڵ و وەرزی 2020-2021 توانی 35 خاڵ کۆبکاتەوە و وەرزی دواتر 27 خاڵ و وەرزی پێشتریش 33 خاڵ لە دوایین دوو وەرزی پاڵەوانێتییەکە و بەوەش کۆی خاڵەکانی بوونە 145 خاڵ.
 
لە دوای مانچێستەر سیتییەوە، بایرن میونشنی ئەڵمانی دێت کە 136 خاڵی هەیە، پاشان چێڵسی و لیڤەرپوول بە 126 خاڵ و 123 خاڵ بەدوای یەکدا، گەرچی هەردوو یانە وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ بەشداریی ناکەن.
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پلەی پێنجەمی ریزبەندییەکەی بەدەستهێناوە بە 121 خاڵ، پاشئەویش پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دێت بە 112 خاڵ و لە پلەی شەشەمیشدا مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بە 104 خاڵ.
 
یانەکانی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، بارسێلۆنا، رۆما، ئینتەرمیلان، سێڤییا، ئەیاکس ئەمستردام، بۆرووسیا دۆرتمۆند، ئاتلێتیکۆ مەدرید، رێدبوڵ و لایپزیگ لە پلەکانی هەشت تاوەکو هەژدەی ریزبەندییەکەی یۆفایان گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە