تایبەت بە رووداو؛ ئەندامێکی کارگێڕیی یانەی هەولێر بایکۆتی یانەکەی کرد

22-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بایکۆتکردنی یانەکەی راگەیاند و دەڵێت "تاوەکو هاوکاریی یانەکە نەکرێت ناگەڕێمەوە."
 
محەممەد خۆشناو، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بایکۆتی یانەی هەولێر دەکەم، تاوەکو هاوکاریی یانەکە نەکرێت ئامادەنیم بگەڕێمەوە یانەکە و ئەگەر هاوکاریشی نەکرا، دەستلەکارکەم دەکێشمەوە و چیدیکە وەکو ئەندامی کارگێڕیی یانەکە بەردەوام نابم."
 
بایکۆتکردنی یانەی هەولێر لەلایەن محەممەد خۆشناو، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکەوە لەکاتێکدایە، پێشتر هەریەکە لە سەڵاحەدین سیامەند و تەها قادر، بەهۆی کێشە بەردەوامەکانی یانەکەوە دەستیانلەکارکێشایەوە.
 
ئەم هەڵوێستەی محەممەد خۆشناو، لەکاتێکدایە یانەی هەولێر شەوی یەکشەممە لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا لەنێو یاریگە و هاندەرانی بە دوو گۆڵ بەرامبەر چوار گۆڵ بە یانەی شورتە دۆڕا.
 
دۆڕانی هەولێر لەو یارییەدا ناڕەزایەتییەکی زۆری هاندەرانی یانەکەی لێکەوتەوە، دەیان هاندەر چوونە بەردەم بارەگای یانەی هەولێر و بە هاوارکردن داوای دەستلەکارکێشانەوە لە کارگێڕیی یانەکە دەکەن.
 
هەفتەی رابردوو یاریزانانی یانەی هەولێر بەهۆی ئەوەی ماوەی نزیکەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بایکۆتی مەشقەکانی یانەکەیان کرد، بەڵام رۆژی بەر لە یارییەکە گەڕانەوە بۆ مەشقەکان و لە یاریی بەرامبەر شورتە دۆڕان.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێردا، بەشێکی ئەندامانی یانەکە داوایان لە سەرۆکی یانەکە کردووە دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام ئەو پێیگوتوون هاوکاریمان دەکرێت و دۆخەکە باش دەبێت، بۆیە ئامادەنیم دەستلەکاربکێشمەوە.
 
یانەی هەولێر لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا 22 یاریی ئەنجامداوە، تەنیا 5 یاریی بردووەتەوە، یانەکە 9 یاریی دۆڕاندووە و ئێستا لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و 7 خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە.
 






 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە