رووداو دیجیتاڵ
دادگەی دادی ئەوروپا بڕیاریی کۆتایی لەبارەی پڕۆژەی سوپەرلیگەوە دا و دەڵێت "یۆفا ناحەقیی کردووە کە رێگەی نەداوە پاڵەوانێتیی سوپەرلیگ ئەنجامبدرێت"، فلۆرێنتینۆ پێرێزیش دەڵێت "ئەمڕۆ تۆپی پێ، هاندەران و ئازادی براوەبوو".
ئەمڕۆ 21ـی مانگی 12 دادگای ئەوروپا دانیشتنی خۆی لەو بارەیەوە کرد و باسی لەوەکرد کە رێگریکردن لە سوپەرلیگ کارێکی نایاسایی بووە و دەڵێت "فیفا و یۆفا بە رێگریکردن لە دروستبوونی پاڵەوانێتییەکی وەك سوپەرلیگ پێشێلی یاساکانی ئەوروپای کردووە، ئەوان لە دژی یاساکانی پاڵەوانێتی لە ئەوروپا و ئازادی لە پێشکێشکردنی خزمەت بە تۆپی پێ بڕیاریان داوە".
دوای ئەو بڕیارە، بێرند ریچارت، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای A22 کە سپۆنسەریی سوپەرلیگ دەکات دەڵێت "ئێمە بردمانەوە، تۆپی پێ ئازادکرا، چیدیکە یۆفا ناتوانێت تۆپی پێ بۆخۆی قۆرخ بکات، ئێستا یانەکان دەتوانن خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن".
ریچارت زیاتر دەڵێت "ئێمە هەموو یارییەکان بەخۆڕایی دەگوازینەوە و گەرەنتی دابینکردنی داهات و پارەی یانەکان دەدەین"
لێدوانی پێرێز بۆ هەمووان
دوای بڕیارەکەی دادگا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، خاوەنی بیرۆکەی ئەنجامدانی سوپەرلیگ پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە، تۆپی پێ و هاندەران و ئازادی براوەبوون، ئێمە زۆر لە بڕیارەکەی دادگا رازین و ئەمە رۆژێکی مەزنە بۆ تۆپی پێ."
سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "قۆرخکاریی یۆفا بەسەر تۆپی پێی ئەوروپاوە کۆتاییهات، سوپەرلیگ لەگەڵ خولە نێوخۆییەکاندا هاوئاهەنگ دەبێت، بۆ هەمووان کراوە دەبێت و بەردەوامبوونی ئابووریی دەبەخشێتە یانەکان."
پێرێز زیاتر قسەدەکات و دەڵێت "سوپەرلیگ کراوە دەبێت، بە یارییەکی دادپەروەرانەی راستەقینەی دارایی، بۆ بەردەوامیی ئابووری درێژخایەن، ئێمە ئەو یاریزانانە دەپارێزین کە یارییەکانیان کەمترە، لەگەڵ پاڵەوانێتییەکان دەگونجێنین."
خاوەنی بیرۆکەی سوپەرلیگ دووپاتیدەکاتەوە، سوپەرلیگ بۆ هەمووان دەبێت، بەپشتبەستن بە شایستەیی وەرزشی و بەبێ جیاوازی بۆ هەمووان.
ئەم قسانەی پێرێز لەکاتێکدان پێشتر گوتبووی "بەبیر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دەهێنینەوە کە ریال مەدرید کێیە؟"
دوای بڕیارەکەی دادگا کە لە بەرژەوەندیی سوپەرلیگ دەرکرا، شێوازی نوێی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە بڵاوبووەوە.
شێوازی نوێی سوپەرلیگ بەمشێوەیە دەبێت
* 64 یانە بەشداری دەکەن
* یانەکان بۆ سێ ئاستی جیاواز دابەشدەکرێن
* خولی ئەستێرەکان، خولی زێڕین، خولی شین
* خولی ئەستێرەکان لە 16 یانە پێکدێت
* خولی زێڕین لە 16 یانە پێکدێت
* خولی شین لە 32 یانە پێکدێت
* یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکە بەپێی ئەنجام و ئاستەکانیان دابەشدەکرێن و هیچ تیپێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی شایستەیی بەشداری ناکات
* هیچ یانەیەک بەشێوەی هەمیشەیی گەرەنتی بەشداریکردنی نابێت
* دابەزین دەبێت و لەنێوان هەرسێ ئاستەکەدا دەبێت
* هەموو یانەکانی خولی ئەستێرەکان و خولی زێڕین 14 یاری لە قۆناخی کۆمەڵەکان دەکەن، 7 لە یاریگەی خۆیان 7 لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان
* پاڵەوان بۆ هەرسێ ئاستەکە دیاریی دەکرێت
* ئەو یانانەی لە ئاستەکان دادەبەزن بەشێوەی قۆناخی کرانە دەرەوە دیاریی دەکرێن
* یارییەکان لە ناوەڕاستی هەفتەدا بەڕێوەدەچن، کاریگەریی لەسەر هیچ خولێکی ناوخۆی وڵاتەکان نابێت
* پاڵەوانێتییەکە نابێتە هۆکاری زیادبوونی یارییەکان و گوشار ناخاتە سەر هیچ فیدراسیۆنێکی تۆپی پێ و خولەکان
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، سوپەرلیگ دەیەوێت شوێنی پاڵەوانێتییەکانی یۆفا بگرێتەوە، خولی ئەستێرەکان لە شوێنی چامپیۆنزلیگ، خولی زێڕین لە شوێنی یۆرۆپالیگ و خولی شین لە شوێنی کۆنفرانسلیگ.
ئەوروپا لە سوپەرلیگ ناڕازییە
دوای بڕیارەکەی دادگا وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرفراوان و یانە دیارەکان دژایەتیی خۆیان بۆ سوپەرلیگ دووپاتکردەوە، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان یانەکانی ئینگلتەرا نیازی گەڕانەوەیان بۆ سوپەرلیگ هەیە، بەڵام حکومەتی بەریتانیا رازی نییە و لە دژی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتیی سوپەرلیگە.
ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا هەمووان لە دژی بەڕێوەچوونی یارییەکانی سوپەرلیگن، تەنیا دوو یانە لەسەر ئاستی ئەوروپا دەیانەوێت ئەو پاڵەوانێتییە ئەنجامبدرێت، ئەوانیش ریال مەدرید و بارسێلۆنان.
پەیامی دەستەی لالیگا لەبارەی سوپەرلیگەوە
خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگای ئیسپانیا کە دژی بەڕێوەچوونی سوپەرلیگە، دوای بڕیارەکەی دادگا قسەیکرد و جارێکی دیکە دژایەتیی خۆی بۆ ئەو بیرۆکەیە دووپاتکردەوە.
تێباس لە پەیامەکەیدا دەڵێت "لیستی ئەو یانانەم بینی کە پاڵپشتیی پێرێز دەکەن، تەنیا یەک یانەیە، پاڵەوانێتییەکە دەبێتە هی تەنیا دوو یانە، بارسێلۆنا و ریال مەدرید."
خاڤێر لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "بیرۆکەی من و پێرێز زۆر لە یەکدییەوە دوورن، ئەگەری ئەنجامدانی سوپەرلیگ لە سەتا سفرە، بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا دەریخست کە پاڵەوانێتی سوپەرلیگ پاڵەوانێتییەکی کەسییە."
دیارترین ئەو یانانەی سوپەرلیگ رەتدەکەنەوە
بەشی زۆری یانە بەنێوبانگەکانی ئەوروپا دژایەتیی خۆیان بۆ سوپەرلیگ راگەیاند، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "ئێمە پابەندین بە پاڵەوانێتییەکانی یۆفا و بەشداریکردن لە سوپەرلیگ رەتدەکەینەوە."
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بەهەمان شێوە راگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕە، ئێمە پابەندین بەو پاڵەوانێتیانەی لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاوە رێکدەخرێن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنەکە و پرێمەرلیگ و ئەو یانانەی پابەندن بە دەستەی یانەکانی ئەوروپا بۆ کارکردنی زیاتر لەپێناو بەرەوپێشبردنی تۆپی پێی ئەوروپا."
سەرجەم یانەکانی لالیگا جگە لە ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە دژی بەڕێوەچوونی سوپەرلیگن، سێڤییا و ئاتلێتیکۆ مەدرید بەفەرمی هەڵوێستی خۆیان لەو بارەیەوە راگەیاند.
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەهەمان شێوە دژایەتیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە راگەیاند.
هەڵوێستی سەرۆکی یۆفا
ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لەبارەی بڕیاری دادگا و ئەگەری ئەنجامدانی چامپیۆنزلیگەوە قسەی خۆی هەیە.
چێفرین لە پەیامێکدا دەڵێت "روونە کە سوپەرلیگ رەتکراوەتەوە، مۆڵەتی دەستپێکردن و ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیەیان نییە، وەک ئەوەی هاندەرانی ئینگلتەرا پاڵەوانێتییەکەیان بە خولی زۆمبی ناوبرد."
سەرۆکی یۆفا دووپاتیدەکاتەوە کە ئەوان لە دژی بەڕێوەچوونی سوپەرلیگن.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، هەرسێ یانە بەنێوبانگەکەی تورکیا، گاڵاتەسەرای، فێنارباخچە و بێشکتاش بیر لەوە دەکەنەوە پەیوەندی بە سوپەرلیگەوە بکەن، ئەمە لەکاتێکدایە باس لەوە دەکرێت ساڵی رابردوو دەستەی بەڕێوەبردنی سوپەرلیگ پەیوەندیی بەبەشێکی یانەکانەوە کردووە بۆ ئەوەی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامبدرێت.
جیاوازیی سوپەرلیگ و چامپیۆنزلیگ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بەتایبەت ئەوانەی لایەنگری بیرۆکەی ئەنجامدانی سوپەرلیگن و پشتگیریی فلۆرێنتینۆ پێرێز دەکەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سوپەرلیگ لە ئەگەری ئەنجامدانی، دەبێتە هۆکاری پێشچوونی زۆر زیاتری یانەکان لە رووی ئابوورییە و جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ چامپیۆنزلیگ دەبێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، براوەی سوپەرلیگ کۆی گشتی خەڵاتە داراییەکانی دەگاتە 400 ملیۆن یۆرۆ، لەکاتێکدا ئەو یانەیەی چامپیۆنزلیگ دەباتەوە 120 ملیۆن یۆرۆ وەک خەڵاتی دارایی وەردەگرێت.
پێشتریش فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید و خاوەنی پڕۆژەی سوپەرلیگ دووپاتیکردووەتەوە، لە رێگەی پاڵەوانێتییەکەوە ئابووریی یانەکە زۆر زیاتر بەرەوپێشەوە دەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ