لیڤەرپوول.. رێدزەکان خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە شایەنی یۆرۆپالیگن

21-09-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیڤەرپوول
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ساڵی 2010 کاتێک گرووپی فینوای ئەمریکی موڵکایەتی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەدەستهێنا، یانەکە نزیکەی 21 ساڵ تێپەڕیبوو بەسەر دوایین بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگدا، ئەوکات لیڤەرپوول تیپێکی خاوەن ناسنامەی خۆ لێبزبوو بوو.
 
ساڵانی لیڤەرپوول لەگەڵ گرووپە ئەمریکییەکە کە سەرۆکایەتی یانەکەی بە جۆن هێنری سپارد، کاروانی چەند هەوڵدانێکی بۆ گەیشتنەوە سەر سەکۆی نازناوەکان بەخۆوەبینی، بەڵام شکستی هێنا و لە کۆتاییدا یۆرگن کلۆپ کە 2015 مەشقدانی یانەکەی وەرگرت، توانی لیڤەرپوول بباتەوە سەر سەکۆی نازناوەکان و بردنەوەی پرێمەرلیگ و پاشانیش چامپیۆنزلیگ، بەرهەمی کاری سەرکەوتووی کڵۆپ بوو لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە.
 
دوای ساڵانێک لە درەوشانەوە و رکابەربوون لەسەر هەر نازناوێک کە لیڤەرپوول بەشداریی تێدا دەکرد، ئەمساڵ ئەو یانەیە لەبری چامپیۆنزلیگ، خۆی لە یۆرۆپالیگدا دەبینێتەوە، پاڵەوانێتییەک کە بەبڕوای هاندەرەکانی بۆ یانەکەیان دۆخێکی باش نییە.
 
تیپەکەی یۆرگن کلۆپ وەرزی رابردووی وەرزێکی پڕ لە شکست و کەوتن و دۆڕان بوو، ئەو یانەیە لە دوا هەفتەکانی خولەکەدا کەمێک خۆی گرتەوە و توانی ئەنجامەکانی باش بکات و بەهۆیەوە بگاتە یۆرۆپالیگ و ئەگەر ئەوە نەبووایە، رێدز ئەمساڵ یۆرۆپالیگیشی بەرنەدەکەوت.
 
دوای ساڵە پڕ لە شکستەکەی و رازیبوون بەو قەدەرەی کە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی 2019 دەباتە یۆرۆپالیگ، ئەو یانەیە دەیەوێت بەویستێکی زۆرەوە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەو پاڵەوانێتییە دەربکەوێت، بەتایبەت لە یەکەم یاریی خۆیدا کە ئەمشەو بەرامبەر لاسک لینزی نەمساوی ئەنجامیدەدات و پێناچێ ئەرکێکی قورس لەبەردەم لیڤەرپوولدا بێت.
 
پێدەچێ دوای گۆڕانکاری و هێنانی ژمارەیەک یاریزانی نوێ لەگەڵ یانەکەدا کە سەرەتایەکی باشیان لە پرێمەرلیگدا هەبوو و لە پێنج یاریی یەکەمی خولەکەدا چوار بردنەوە و یەکسانبوونێکیان بەدەستهێناوە، لیڤەرپوول تووندتر و دەستپێوەگرتووتر لە بەرامبەر نازناوەکان پێشان بدات.
 
کلۆپ کە لە وەرزی رابردوودا بەرپرسیارێتی شکست و دەرچوون لە چامپیۆنزلیگی خرایە پاڵ، ئەمساڵ کاری بەرچاوی بۆ نۆژەنکردنەوەی تیپەکەی لەگەڵ تێکەڵەیەک لە یاریزانانی تازە هاتوو و یاریزانانی دێرینی یانەکە دەستپێکردووە و ئەو پێیوایە سەرکەوتنەکانی سەرەتای وەرزی یانەکەی، رەنگدانەوەی ئەو رۆحیەتی خۆبەدەستەوەنەدانەن کە یانەکە ئێستا هەیەتی.
 
کلۆپ هەروەکچۆن خۆی دروستکەری سەروەرییەکانی ساڵانی رابردووی یانەکە بوو، دەیەوێت لەسەر ئەو ریتمە و جارێکی دیکە هەڵساندنەوەی یانەکەی و بەدەستهێنانی نازناوەکان بەردەوام بێت و ئەو ببێتە ئەو سەرکردەیەی لە دوو دەیەی جیاوازدا، شۆڕشی لە مێژووی لیڤەرپوولدا دروستکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە