ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا دۆڕا و ریال مەدرید بردییەوە

20-12-2023
ئیحسان تاهیر
بارسێلۆنا و ریال مەدرید
بارسێلۆنا و ریال مەدرید
نیشانەکردن یۆرۆلیگ بارسێلۆنا ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە خولی تۆپی باسکەی ئەوروپا، یۆرۆلیگدا، یانەی بارسێلۆنا دۆڕا و یانەی ریال مەدریدیش بەردەوامی دا بە سەرکەوتنەکانی.
 
یانەی ئەلبا بەرلینی ئەڵمانی سەرکەوتنێکی شۆککەری بەسەر بارسێلۆنادا بەدەستهێنا، و بە ئەنجامی 74-70 خاڵ لێیبردەوە.
 
یانە ئەڵمانییەکە کە پلەی پێش کۆتایی ریزبەندیی پاڵەوانێتییەکەی گرتووە، توانی بەرگەی گوشاری بارسێلۆنا بگرێت و دوای 15 گەڕ، سێیەم سەرکەوتنی خۆی بەدەستبهێنێت. یانە کەتەلۆنییەکەش تووشی پێنجەم دۆڕانی بوو، و بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی دابەزی.
 
مات تۆماس، بە تۆمارکردنی 13 خاڵ باشترین یاریزانی یانە ئەڵمانییەکە و یارییەکەش بوو. لە کاتێکدا نیکۆلا لاپرۆڤیتۆلای یاریزانی بارسێلۆنا بە تۆمارکردنی 15 خاڵ باشترین گۆڵکاری یارییەکە بوو.
 
ئەم دۆڕاندنە دووەم دۆڕانی لەسەریەکە بۆ بارسێلۆنا لە یۆرۆلیگدا، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردووشدا لەسەر یاریگەی خۆیدا بە میلانۆی ئیتاڵی دۆڕا.

 

تیپی باسکەی یانەی ریال مەدرید، بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی لە یۆرۆلیگدا و ئەمجارەش سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی 14 بردنەوە لە کۆی 15 یارییدا.
 
ریال مەدرید پێشەنگی خۆی لە یۆرۆلیگدا دووپاتکردەوە، کاتێک بوو بە میوانی سێرڤینا سڤێزدای سڕبی و بە ئەنجامی 72-58 خاڵ لێیبردەوە.
 
ئەگەرچی سڕبییەکان لە هەندێک ماوەی یارییەکەدا باش بەرگرییان دەکرد، بەڵام نەیانتوانی وا لە ریال مەدرید بکەن کە یارییەکە بەزەحمەت بباتەوە، کە بە جیاوازی 14 خاڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
ئەمە دەیەمین دۆڕاندنە بۆ یانە سڕبییەکە، کە ئێستا لە کۆی 18 یانەی ریزبەندیدا پلەی 16ـی گرتووە.
 
ماریۆ هیزۆنگۆ گۆڵکاری ریال مەدرید بوو لە یارییەکەدا بە تۆمارکردنی 17 خاڵ، لە دوای ئەویش ڤینسێنت پۆیریە کە 14 خاڵی تۆمارکرد.
 
لە کاتێکدا هەریەک لە میلۆس تیۆدۆسیچ و لۆک میترۆڤیچ باشترینی یانەی خاوەن ماڵ بوون، کە هەر یەکێکیان 14 خاڵی بۆ یانەکەیان تۆمارکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە