ئەنچیلۆتی و کوڕەکەی جیا دەبنەوە

20-10-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی داڤیدی ئەنچیلۆتی یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید و داڤیدی ئەنچیلۆتی کوڕی و یاریدەدەری، لەیەکدی جیادەبنەوە، پاشئەوەی ناکۆکی لەنێوانیاندا سەریهەڵداوە.
 
لە ماوەی رابردوودا سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردبوو  ناکۆکی لە نێوان بیرکردنەوەی ئەنچیلۆتی باوک و کوڕدا سەریهەڵداوە لەبارەی ئاردا گولەری یاریزانی یانەکەوە.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، لە کاتێکدا داڤیدی پێیوایە کە ئاردا شایستەی یاریکردنە لە پێکهاتەی سەرەکیی ریال مەدرید، ئانچیلۆتیی باوک هەمان متمانەی پێی نییە و ئەوەش ناکۆکی قووڵی لە نێوان کوڕ و باوکدا دروستکردووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردووەتەوە، داڤیدی بیر لە جیابوونەوە لە باوکی و تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێ دەکاتەوە.
 
تۆڕی 'ریلیڤیۆ'ی ئیسپانی دەڵێ، "چەندین یانەی جیاواز بایەخ بە داڤیدی دەدەن بۆ مەشقدانی تیپەکانیان، بەتایبەت پاش ئەو سەرکەوتنەی لەگەڵ باوکیدا بەدەستیهێنا".
 
سەرچاوەکان پێیانوایە ئەگەر داڤیدی لە ریال مەدرید بڕوات، دەبێتە راهێنەری لێستەر سیتی یان ستاد رێمسی فەرەنسی.
 
'ریلیڤیۆ' دەڵێ، داڤیدی دەیەوێت ناوێکی تایبەت بەخۆی دروست بکات و بۆئەوەش پێیوایە باشترین رێگە رۆیشتنە لە ریال مەدرید، ئەگەرچی رێزی زۆری پڕۆژەکەی باوکی دەگرێت.
 
داڤیدی لە ماوەی رابردوودا بڕوانامەی راهێنەرایەتی یۆفای بەدەستهێناوە و ئێستا ئیدی دەتوانێت ببێتە راهێنەری سەربەخۆی هەر یانەیەک کە بیەوێت.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی لە ساڵانی رابردوودا، پشتی زۆری بەتواناکانی داڤیدیی کوڕی و فرانچیسکۆ ماوری یاریدەدەری دووەمی بەستووە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، داڤیدی لە ساڵانی کارکردنیدا لەگەڵ باوکی، لە زۆر بڕیاری چارەنووسسازدا لەبارەی پێکهاتە و ستایلی یارییکردنەوە، هاوکاریی کارلۆی باوکی کردووە و تێڕوانینی تایبەتی هەیە بۆ مەشق و راهێنەرایەتی.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە