رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە گەیشتن بە مۆندیالی 2026 نزیکببێتەوە، کاتێک لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر هەڵبژاردەی کوێت یاری دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی حەوتەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال و لە کۆمەڵەی دووەمدا، ئەمشەو هەڵبژاردەی عێراق میوانداریی هەڵبژاردەی کوێت دەکات.
یارییەکە کاژێر 21:15 لە بەسرە بەڕێوەدەچێت و زۆرینەی بلیتەکانی یارییەکە فرۆشراون، عێراق دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و هەنگاوێکی دیکە لە گەیشتن بە مۆندیال نزیکببێتەوە، لەکاتێکدا لە 1986ـەوە نەگەیشتووەتە مۆندیال.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق، ژمارەیەکی زۆر یاریزانی کورد یاری دەکەن، هاروون ئەحمەد، ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، ئالای فازل، ئوسامە رەشید و یوسف ئەمین بانگهێشتکراون و ئامادەن بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ.
عێراق بەر لە یارییەکە لە پلەی دووەمی کۆمەڵەی دووەمدایە بە سێ بردنەوە، دوو یەکسانبوون و دۆڕانێک 11 خاڵی کۆکردووەتەوە، کوێت هیچ بردنەوەیەکی نییە و تەنیا 4 خاڵی بەدەستهێناوە.
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "یارییەکەمان بەرامبەر کوێت زۆر گرنگە، هەنگاوێکی دیکەیە بۆ نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی پاڵاوتنەکان و یەکلابوونەوەی سەرکەوتووەکان بۆ مۆندیال و یارییەکان داهاتوو یەکلاکەرەوەن."
راهێنەری عێراق ئامادەیی هەڵبژاردەکەی بۆ یارییەکە راگەیاند و گوتی "سەرجەم یاریزانەکان بەتەواوی ئامادەن، هیچ یاریزانێک کێشەی نییە، زۆرباشە کە یاریزانەکان لەگەڵ یانەکانیان ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکەن، مانگی ئەیلوولی رابردوو بەهۆی کەمی بەشداریکردنیان لەگەڵ یانەکانیان تووشی کێشە بووین بەهۆی ئەوەی خولەکە درەنگ دەستیپێکرد، بەڵام دوای ئەوە ریتیمان هەنگاو بە هەنگاو بەرزبووەوە و ئێستا هەست بەباشی دەکەم."
خیسوس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "قسەکانی پێشووم لەبارەی هاندەرانەوە بەهەڵە لێکدراونەتەوە، مەبەستی ئێمە لەو هاندەرانە بووە کە لە سۆشیاڵ میدیادا لەبارەی تیپەکەوە قسەدەکەن، نەک ئەو هاندەرانەی لە یاریگەدا ئامادەدەبن، لەکاتێکدا بەردەوام پاڵپشتیی تیپەکە دەکەن و زۆرجاریش گوشار لەسەر رکابەرەکانمان دروست دەکەن."
کاساس هێشتا قسەیکرد و بە رۆژنامەڤانانی گوت "لە تۆپی پێدا رۆژ لە دوای رۆژ مامەڵە دەکرێت، ئێمە ئێستا تەنیا بیر لە یاریی بەرامبەر کوێت دەکەینەوە، دوای ئەوە یاریی فەلەستین، پێویستە بیرکردنەوەمان لای ئەرکەکانمان بێت بەرامبەر کوێت، دوای ئەوە لاپەرەی یاریی بەرامبەر فەلەستین دەکەینەوە، بەر لەوەی رووبەڕووی ئوردن ببینەوە."
لە 2014ـەوە عێراق و کوێت پێنج یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، هەڵبژاردەی عێراق هیچ یەکێک لەو یارییانەی نەدۆڕاندووە و ئەمشەو دەیەوێت لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا هەنگاوێکی دیکە لە مۆندیال نزیکببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ