ڤیدیۆ؛ لە تورکیا گۆڵپارێزی دیلیڤەری هەیە

20-03-2024
ئیحسان تاهیر
ئێرکان ئایدنلیک، خاوەنی کۆمپانیای بەکرێدانی گۆڵپارێز
ئێرکان ئایدنلیک، خاوەنی کۆمپانیای بەکرێدانی گۆڵپارێز
نیشانەکردن ئێرکان ئایدنلیک کۆمپانیای بەکرێدانی گۆڵپارێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تۆپی پێ هەندێکجار رووداوی سەیر و نامۆ بەخۆیەوە دەبینێت، وەک ئەوەی ئێستا لە تورکیا هەیە، کە کۆمپانیایەک بۆ بەکرێدانی گۆڵپارێزان کراوەتەوە. ئەگەر تیپێک گۆڵپارێزی نەبوو، هیچ کێشەیەک دروست نابێت، تەلەفۆنێک بۆ کۆمپانیای "بەکرێگرتنی گۆڵپارێز" دەکات و بە تاکسی گۆڵپارێزێکی بۆ دەنێرێت و دوای یارییەکە کرێیەکەی پێدەدات.
 
تۆپی پێی ئارەزوومەندانە لە تورکیا دەمێکە بەدەست کەمیی گۆڵپارێزەوە دەناڵێنێت، بەڵام پیاوێک لە تورکیا چارەسەرێکی داهێنەرانەی بۆ ئەم کێشەیە دۆزیوەتەوە، کێشەی تیپەکان چارەسەر دەکات و پارەش دەخاتە گیرفانی.
 
ئێرکان ئایدنلیک، گۆڵپارێزێکی دێرینە، بەمەبەستی دابینکردنی پێویستی پەرەسەندنی گۆڵپارێز لە تۆپی پێی ئارەزوومەندانە لە تورکیا، خزمەتگوزارییەکی بە ناوی "بەکرێگرتنی گۆڵپارێز" داناوە.
 
ئێرکان ئایدنلیک، دەڵێت "گۆڵپارێز هەن کە دەتوانرێت لە خولی سوپەری تورکیا بەکرێ بگیرێن، بۆیە بیرم لەوە کردەوە بۆچی لە یاریگاکانی چیمەنە دەستکردەکانیشدا نەبن؟ کە ئەمە دەکرێت یارمەتی خەڵکانێک بدات داهاتی زیادە وەک گۆڵپارێز بەدەستبهێنن و بژێوی ژیانیان باشتر بکەن، سەرەتا ئەم بابەتەم وەک بیرۆکەیەک خستەڕوو، دواتر بیرم لەوە کردەوە کە لە یاریگادا بیکەم بە واقیع".
 
ئێستا زیاتر لە 160 گۆڵپارێزی پیشەگەر لە شارە جیاوازەکانی تورکیا ناوی خۆیان لە کۆمپانیاکەی ئایدنلیک تۆمارکردووە، کە دەتوانرێت لە رێگەی ئۆنلاینەوە هەر گۆڵپارێزێک بە پارە بەکرێ بگری کە پێویستیت پێبێت. تیپەکە داوادەکات و ئێرکان ئایدنلیک بە نامەیەک گۆڵپارێزەکە لە هەموو وردەکارییەکان ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەوەی 35 خولەک بەر لە یارییەکە لە یاریگە ئامادەبێت.
 
ئەوە ئێرکانە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ گۆڵپارێزێک دەکات "سڵاو کاک بیلال، من لە خزمەتگوزاری بەکرێگرتنی گۆڵپارێزەوە پەیوەندی دەکەم. ئەمشەو یارییەک هەیە، ئامادەی بەشداری بکەیت؟"
 
لەنێو ئەم گۆڵپارێزانەدا گەنجێک هەیە بە ناوی مستەفا مێرت کە تەمەنی 18 ساڵە، گۆڵپارێزێکی بەتوانایە و رۆژانە دوای کارکردن راستەوخۆ بەرەو یاریگەی تۆپی پێ دەڕوات و بەقسەی خۆی زۆربەی رۆژەکان ناتوانێت دایک و باوکی ببینێت بەهۆی سەرقاڵی و یارییەکانی کە لە نیوەی شەودا کۆتایی دێن.
 
مستەفا مێرت، دەڵێت "بەکرێگرتنی گۆڵپارێز سەکۆیەکی باشە بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیادە، جگە لەوەش تۆ گۆڵپارێزیت لە بوارێکدا کە دەتوانیت چالاکیی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدەیت و کەسانی دیکە بناسیت".
 
لە یاریگا چیمەنە دەستکردەکاندا لە تورکیا کەس نایەوێت گۆڵپارێز بێت، هەمووان دەیانەوێت یاری بکەن و گۆڵ بکەن، بەڵام دەستپێشخەرییەکەی ئێرکان وایکردووە ئێستا زۆر کەس بیر لەوە بکەنەوە ببنە گۆڵپارێز بۆ ئەوەی هەم یاری بکەن و پارەش بەدەستبێنن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە