لە ریال مەدرید کودەتایەک دژی ئەستێرەیەکی یانەکە دەستیپێکردووە

20-01-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە یاریزانانی ریال مەدرید و راهێنەر و تەنانەت سەرۆکی یانەکەش بۆیان دەرکەوتووە کە ئەگەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر یاری نەکات تیپەکە بە ئاستێکی باشتر دەردەکەوێت.
 
ریال مەدرید بەبردنەوە لە لاس پاڵماس و دۆڕاندنی ئاتلێتیکۆ مەدرید گەیشتە پێشەنگی لالیگا و کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی ئاستێکی بەرزی لە یارییەکەی بەرامبەر لاس پاڵماسدا پێشکەش کرد و بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ بووە باشترین یاریزانی یارییەکە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە سوپرایزێکی ناخۆش، چاوەڕێی ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید دەکات، دوای ئەوەی بەرامبەر لاس پاڵماس یاری نەکرد.
 
باشترین یاریزانی ساڵی 2024ـی فیفا لە بردنەوەکەی ریال مەدرید بەرامبەر لاس پاڵماس ئامادەنەبوو، یەکەم یارییە لە دوو یارییدا ڤینیسیۆس بەشداری ناکات بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە یارییەکەی ڤالێنسیادا کارتی سووری پێدرا و بۆ دوو یاری سڕکراوە.
 
بە ئامادەنەبوونی ڤینیسیۆس، کیلیان ئێمباپێ درەوشایەوە و دوو گۆڵی تۆمارکرد و ریال مەدرید بەئەنجامی 4-1 لە لاس پاڵماسی میوان بردەوە.
 
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی نزیک لە ریال مەدرید، لەنێو ژووری جلگۆڕینی یانەی شاهانەدا بڕوا و بۆچوونێک هەیە کە تیپەکە بەبێ ڤینیسیۆس بەئاستێکی باشتر دەردەکەوێت و بە نەبوونی ئەو یاریزانە بەرازیلییە زۆر بەهێزتر دەردەکەوێت.
 
بەگوێرەی هەمان ئەو سەرچاوانە، پێدەچێت لە ژووری جلگۆڕیندا کودەتایەک لەدژی ڤینیسیۆس هەبێت، بەو پێیەی کەس بەرگەی هەڵسوکەوتەکانی ناگرێت، هەروەها نەبوونی لە پێکهاتەکەدا جۆرێک لە هێوربوونەوەیە بۆ زۆربەی یاریزانانی تیپەکە.
 
ئاماژەیان بەوەشکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لەم بابەتە ئاگادارە وەک هەموو تاکەکانی نێو تیپی شاهانە.
 
ریال مەدرید بە دوو خاڵ لەپێش ئاتلێتیکۆ مەدرید گەیشتە پێشەنگی لالیگا، بارسێلۆنا پلە سێیەمی ریزبەندییەکەی بەدەستەوەیە و 7 خاڵ لەدوای ریال مەدریدەوەیە.
 
ئێمباپێ یەکێک لە باشترین یارییەکانی لەدوای گەیشتنی لە پاریس سانجێرمانەوە بۆ پایتەختی ئیسپانیا لە هاوینی رابردوودا ئەنجامدا، هاوکات سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە نەبوونی ڤینیسیۆس جگە لەوەی پشوودانێکە بۆ یاریزانانی تیپی شاهانە، بۆ خودی کیلیانیش زۆر یارمەتیدەرە.
 
ڤینیسیۆس جونیۆر بەردەوام دەبێت لە بەشداری نەکردن لەگەڵ تیپەکەی بەرامبەر ریال ڤایادۆلید لە گەڕی 21ـی خولی ئیسپانیادا، کە 25ـی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە  خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا بەرامبەر سالزبۆرگ بەشداری دەکات.
 
وەرزی رابردوو ڤینیسیۆس بەشداری کرد لە بردنەوەی 5 نازناو لەلایەن ریال مەدریدەوە، کە دوانازناویش جامی کیشوەرەکان بوو بۆ یانەکان، لەو کاتەشدا وەک باشترین یاریزانی پاڵەوانێتیەکە دەستنیشانکرا، دوای بردنەوەی لە یاریی کۆتاییدا لە یانەی پاچوکای مەکسیکی.
 
ڤینیسیۆس لەم وەرزەدا لە 15 یاریی لالیگادا 8 گۆڵ و 5 ئەسیستی هەیە. ئێمباپێش 12 گۆڵی تۆمارکردووە و 2 ئەسیستی کردووە. جود بێلینگهامیش سێیەم گۆڵکاری یانەی ریال مەدریدە لە لالیگادا، بە 7 گۆڵ و 5 ئەسیست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە