هەفتەی داهاتوو نەیمار دەستدەکاتەوە بە یارییکردن

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن نەیمار داسێلڤا یانەی هیلال
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جۆرجی جیسۆس، راهێنەری یانەی هیلالی سعودی، وادەی گەڕانەوەی نەیمار داسێلڤا، ئەستێرەی یانەکەی بۆ یاریکردن راگەیاند، پاشئەوەی بۆ ماوەیە درێژ لە یارییکردن دابڕا.
 
نەیمار لە مانگی دەی ساڵی رابردووەوە، لە کاتی بەشداریکردن لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و ئۆرۆگوای لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتوو، دووچاری پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بوو و لەوکاتەوە پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری، قۆناخی ئامادەکاریی دەستپێکردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشداری لە هیچ یارییەکدا نەکردووە.
 
نەیمار داسێلڤا هاوینی پێشوو، لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە پەیوەندی بە هیلالی سعودییەوە کرد، بەڵام هەرزوو دووچاری پێکانبوو. نەیمار تەنیا پێنج یاریی لەگەڵ یانەی هیلال ئەنجامداوە و گۆڵێک و سێ ئەسیستی هەبوو.
 
ئەو ئەستێرە بەرازیلییە لە ماوەی رابردوودا چەندین تاقیکردنەوەی جەستەیی و لێهاتوویی ئەنجامدا، بۆ دڵنیابوونەوە لە ئامادەیی جەستەیی و گەڕانەوە بۆ ریزەکانی یانەی هیلالی سعودی.
 
راهێنەری یانەی هیلال، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، دوای سەرکەوتنی هیلال بەسەر فەیحا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە خولی سعودیە، گوتی "نەیمار ساڵێکی تەواوی لەدوای پێکانەکەیەوە تێپەڕاندووە، لە رووی تەندروستییەوە بەتەواوی لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە بەتەواوی، هەروەها بەشداری لە مەشقە بەکۆمەڵەکاندا کردووە، چاوەڕێدەکەین بزانین لە دوو رۆژی داهاتوودا چی روودەدات، دوای ئەوە لەپاڵ شاندی یانەکە دەبێت بۆ یاریی بەرامبەر عەین.
 
یانەی هیلال لە گەڕی ئەمجارەی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا، رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەرامبەر یانەی عەینی ئیماراتی یارییدەکات.
 
نەیمار لەبەرئەوەی ناوی لە لیستی هیلال بۆ چامپیۆنزلیگی ئاسیا تۆمارکراوە، دەتوانێت لەگەڵ یانەکە بەشداری لە یارییەکانی ئەو پاڵەوانێتییە بکات، بەڵام ناتوانێ بەشداری لە یارییەکانی خولی رۆشنی سعودی بکات.
 
یانەی هیلال پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی دووەمی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا گرتووە، بەکۆکردنەوەی شەش خاڵ، لە کاتێکدا عەینی هەڵگری نازناوی پاڵەوانێتییەکە بەبەدەستهێنانی تەنیا یەک خاڵ، لە پلەی دەیەمی ریزبەندی هەمان کۆمەڵەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە