مارۆتا: شکرینیا بێڕێزی بە ئینتەر کرد و کەس بیری لوکاکو ناکات

19-10-2023
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن بیپێ مارۆتا شکرینیار رۆمێلۆ لوکاکو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بیپێ مارۆتا، بەڕێوبەری جێبەجێکاری یانەی ئینتەرمیلان، هێرش دەکاتە سەر دوو یاریزانی پێشووی یانەکەی و ستایشی یاریزانێکی ئێستای ئینتەرمیلان دەکات. 
 
مارۆتا رەخنەی تووند لە میلان شکرینیاری یاریزانی پێشووی ئینتەر دەگرێت و دەڵێت "شکرینیار هەردەم وا خۆی پیشان دەدا کە دەیەوێ گرێبەستەکەی لەگەڵمان نوێبکاتەوە، بەڵام لە راستیدا ئەو شتێکی دیکەی دەویست".
 
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "من بێئومێد بووم لە شکرینیار، ئەو بێڕێزی کرد بەرامبەر ئینتەر. ئێمە چەندین رێگەچارەمان پێشکێشکرد بە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستیشەوە، بەڵام ئەو هەردەم دەیگوت نەخێر و رازی نەدەبوو". 
 
مارۆتا بەوە ناوەستێ و هێرش دەکاتە سەر رۆمێلۆ لوکاکوی هێرشبەری بەلجیکی پێشووی یانەکەیان و دەڵێت "لوکاکو تەنیا بەشێکە لە رابردووی ئینتەر و هیچی دیکە نا. هیچ کەس ئێستا لە ئینتەر بیری لێناکاتەوە و بە خەیاڵی کەسدا نایەت". 
 
سەبارەت بە هەڵسوکەوتەکانی هێرشبەرەکەی پێشووی ئینتەر، مارۆتا دەڵێت "ئەو شتانە لە تۆپی پێدا هەن و ئەمە یەکەمینجار نییە کە شتی لەم شێوەیە روودەدات". 
 
دواتر مارۆتا دەست دەکا بە ستایشکردنی لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبەری یانەکەیان و بەراوردی دەکات بە شکرینیار و دەڵێت "لاوتارۆ وەکو شکرینیار نییە، ئێمە بە پەرۆشین بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکەینەوە ئەگەر ئەو بیەوێت لە ئینتەر بمێنێتەوە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی لاوتارۆ، بەڕێوبەری جێبەجێکاری یانەی ئینتەرمیلان دەڵێت "ئەمە هەستێکی خۆشە کاتێك یاریزانێکت هەیە کە چەندین یانەی گەورەی رەتکردووەتەوە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە".
 
سەبارەت بە گرێبەستکردن لەگەڵ مەهدی تارمی یاریزانی ئێرانی و یانەی پۆرتۆ، مارۆتا دەڵێت "پێموانییە لە گواستنەوەی زستانە گرێبەست لەگەڵ تارمی بکەین، بەڵام ئێمە ئینتەرین و دەبێت هەوڵ بدەین هەموو هەلەکان بقۆزینەوە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "زۆر یاریزان دەیانەوێت بێنە یانەکەمان، هەروەك لەم وەرزەدا هەرسێ یاریزان تورام، پاڤارد و سۆمەر پەیوەندیان پێوە کردین".  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە