ڤیدیۆ؛ مێسی یاریی نەکرد و مەیامی دوو خاڵی لەدەستدا

19-10-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی ئینتەرمەیامی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی گەڕایەوە مەیامی و تیپەکەی بە زەحمەت خاڵێکی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی چارلۆت یەکسانبوو.
 
لە رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یانەی ئینتەرمەیامی میوانداریی یانەی چارلۆتی کرد، لیۆنێل مێسی لە یاریگە ئامادەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کردبوو و بەشداریی هیچ یەکێکی مەشقیی بەر لە یارییەکەی نەکرد، وەک هاندەر لەنێو یاریگە بوو و یاریی نەکرد.
 
لە خولەکی 45 ئێنزۆ کۆپێتی، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی چارلۆت تۆمارکرد، بەڵام لە کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، یانەی ئینتەرمەیامی لە رێگەی مارسێلۆ ستیڤانێلی ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
لە خولەکی 52 کێروین ڤارگاس، جارێکی دیکە چارلۆتی پێشخستەوە و گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، دوای ئەوە ئینتەرمەیامی چەند هەلێکی ئاسانی لەدەستدا، پاشان لە خولەکی 84 رۆبی رۆبێنسۆن گۆڵی دووەمی خاوەن یاریگەی تۆمارکرد و یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک بەیەکسانبوون کۆتاییهات.
 
دوای یارییەکە تاتا مارتینۆ، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی لەبارەی لیۆنێل مێسییەوە قسەیکرد و گوتی "سبەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەین کە مێسی لە یارییەکەی رۆژی شەممەدا یاریی دەکات یان نا، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەو لە یارییەکەی بەرامبەر پیرۆ 90 خولەک یارییکردووە".
 
ئینتەرمەیامی نەگەیشتووەتە قۆناخی پلەی ئۆف و دوای ئەم یەکسانبوونە لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 34 خاڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە