ڤیدیۆ؛ تۆتێنهام دەیەوێ یەکەم سەرکەوتنی بەبێ هاری کەین بەدەستبێنێت

19-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
تؤتێنهام - مانچێستەر یونایتد 19:30
تؤتێنهام - مانچێستەر یونایتد 19:30
نیشانەکردن تۆتێنهام مانچێستەر یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

گەڕی دووەمی پرێمەرلیگ، هەرزوو تاقیکردنەوەیەکی قورس دەخاتە بەردەم مانچێستەر یونایتد و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی تۆتێنهام هۆتسپێری دەکاتەوە.
 
یونایتد کە پێدەچێ لەسەداسەد دەستی لە بازاڕی گواستنەوە کێشابێتەوە، بە ئومێدی بەدەستهێنانی دووەم سێ خاڵ لە وەرزی ئەمساڵدا روو لە تۆتێنهام هۆتسپێر ستادیۆم دەکات و  نایەوێت سیناریۆی دوایین سەردانی خۆی بۆ هەمان یاریگە دووبارە بکاتەوە کاتێک لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا بەیەکسانبوون لەو یاریگەیە هاتە دەرەوە.
 
لە باسوخواسی گواستنەوەکانی مانچێستەر یونایتددا، تاوەکو ئێستا چارەنووسی هاری ماگوایەری بەرگریکەر بە مۆڵەقی ماوەتەوە و تێن هاگیش داوای لێدەکات یان خۆی لەگەڵ پێکهاتەی تیپەکەدا بگونجێنێت، یان بیر لە چوونە دەرەوە لە یانەکە بکاتەوە.
 
مانچێستەر لە یاریی یەکەمیدا بەزەحمەت و بەتاکە گۆڵێکی رافایل ڤاران لە ولڤێرهامتنی بردەوە و ئەوەش گەرچی بۆ سەرەتای یانەکە باشبوو، بەڵام ئاستەکەی و ئەنجامەکە مایەی دڵخۆشیی هاندەرانی یانەکە نەبوو.
 
مانچێستەر دووەم وەرزی خۆی لەگەڵ تێن هاگدا دەستپێدەکات و ئەو راهێنەرە کە لە بازاڕی گواستنەوەی یانەکە و ئەو پێکهاتەیە رازییە کە لەبەردەستیدایە، ئێستا دەکەوێتە بەردەم لێپرسینەوەی راستەقینەی هاندەرەکانی و پێویستە لەسەری خەونی گەیشتنەوە بە نازناوی خولەکە لە خەیاڵی هاندەرانی یانەکەدا بونیاد بنێت، گەرچی وەکخۆی دەڵێ ئەو ئەرکە زەحمەتە و ناتوانن هەروا بە ئاسانی بیری لێ بکەنەوە.
 
گەرچی تۆتێنهام هۆتسپێری خاوەن یاریگەیە، لە گەڕی یەکەمدا بەرامبەر برێنتفۆرد یەکسانبووە و لەگەڵ رۆیشتنی هاری کەینی هێرشبەری یەکەمی یانەکەدا، پێدەچێ سنووری ویستەکانی یانەکەش لە پرێمەرلیگدا پاشەکشەیان کردبێت و تۆتێنهام چیدی بەسانایی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی بۆ نەچێتە سەر.
 
تۆتێنهام لە یارییەکەی برێنتفۆرددا وێڕای یەکسانبوون، رووبەڕووی رەخنەی هاندەرەکانی بووەوە بەهۆی ئاستی تیپەکە و دەرکەوتن بە توانایەکی لەرزۆکانەوە، بەڵام راهێنەری ئەو یانەیە دووپاتیدەکاتەوە کە ئیدی ئەوان بەدوای ئەنجامی باش و یاریی بەهێزیشدا دەگەڕێن.
 
هەردوو یانە لە یارییەکەی ئەمڕۆدا پێویستیان بەبردنەوە هەیە و هەردوولاش دەیانەوێت ئاستێکی لەوە باشتر پێشان بدەن کە لە یاریی یەکەمیاندا هەیانبوو.. ئەگەر تێن هاگ بیەوێت سەرکەوتنی لە هێنانی چەندین یاریزانی نوێدا دووپات بکاتەوە، بۆستیکۆگلۆی راهێنەری تۆتێنهام دەبێ بۆ هاندەرەکانی بسەلمێنێت، لە تۆتێنهام، ژیان بەبێ هاری کەینیش هێشتا ئاسایی بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە