پاریس بە پلانێکی نوێ ئێمباپێ رازی دەکات گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە

19-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ئیمانوێل ماکرۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدات کیلیان ئێمباپێ رازی بکات، گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە پاشان لە یانەکە بڕوات. ئەو یانەیە پلانێکی داناوە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی بۆ سێ ساڵ نوێبکاتەوە.
 
بەپێی دوایین گۆڕانکارییەکان، رۆژی سێشەممە ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریسی قسەی لەگەڵ ئێمباپێ کردووە و پێیگوتووە لەسەر ویستی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەمانەوێت گرێبەستەکەت بۆ سێ وەرز نوێبکەیتەوە و گەرەنتی ئەوەت دەبێت هاوینی ساڵی داهاتوو بەرامبەر 200 ملیۆن یۆرۆ لە یانەکە بڕۆیت.
 
ئەم هەوڵدانەی خلێفی لە پێناو ئەوەیە یاریزانەکە بێبەرامبەر لە یانەکە نەڕوات، دوای 10 رۆژی دیکەش وادەی کارکردن بە بەندی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە بۆ ساڵێکی دیکە کۆتاییدێت.
 
ئەو کەسانەی کار بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید دەکەن، بە یاریزانەکەیان گوتووە، تاوەکو 31ـی ئەم مانگە هیچ دەستەوارەیەژ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی قبوڵ نەکات، بۆ ئەوەی پاداشتە داراییەکەی لە پاریس سانجێرمان وەربگرێت، کە دەگاتە 40 ملیۆن یۆرۆ، کە ئەمەش کرا لە مانگی داهاتوودا پاریس سانجێرمان ناچار دەبێت یاریزانەکە بفرۆشێت.
 
ریال مەدرید نایەوێت زیاتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە خەرج بکات، پاریس سانجێرمان ئامانجی ئەوەیە بە 200 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکە بفرۆشێت و 50 ملیۆن یۆرۆش وەک گۆڕانکاری لە گرێبەستەکەیدا هەبێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ریال مەدرید لەسەر مەرجە تاکەکەسییەکان لەگەڵ ئێمباپێ رێککەوتووە، مووچەی یاریزانەکە 60 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، بەڵام یانەکە هیچ هەنگاوێک نانێت تاوەکو پاریس بڕیاری فرۆشتنی نەدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە