رووداو دیجیتاڵ
جۆناس ڤینگگارد، پایسکیلسواری دانیمارکی و خاوەنی نازناوی ساڵی رابردووی تور دو فرانس، بە تووندی دەستی بەسەر پێشەنگی ریزبەندیی گشتیی گەشتی ئەمساڵی تور دو فرانسدا گرتووە و ئێستا لە پێگەیەکی بەهێزدایە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵیش.
ڤینگگارد لە قۆناخی شانزدەمی تۆر دو فرانسدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، کە پێشبڕکێیەکی تاکەکەسی پێچەوانەی کاتژمێر بوو، ماوەکەی 22 کیلۆمەتر و چوار سەد مەتر بوو، لە ناوچەی باسییەوە دەستیپێکرد و لە کۆمپلۆ کۆتاییهات.
پایسکیلسوارە دانیمارکییەکە بە سی و دوو خولەک و سی و شەش چرکە ماوەی پێشبڕکێیەکەی بڕی و بە خولەکێک و سی و هەشت چرکە پێش نزیکترین رکابەری، تادیچ بۆگاچار کەوت، لە کاتێکدا پلەی سێیەمی قۆناخەکە بۆ فۆت ڤان ئێرتی پایسکیلسواری بەلجیکی مایەوە.
بەم سەرکەوتنە ڤینگگارد پێشەنگی خۆی لە ریزبەندی گشتیدا چەسپاند و بە خولەکێک و چل و هەشت چرکە لە پێش تادیچ بۆگاچارە، کە پلەی دووەمی خۆی لە ریزبەندییەکەدا پاراست، هاوکات ئادەم یەتسی پایسیکلسواری بەریتانی، خۆی گەیاندە پلەی سێیەمی ریزبەندییەکە، کە نزیکەی 9 خولەک لە پێشەنگەوە دوورە.



