مەحموود مەواس بۆ رووداو: کاتێک رۆناڵدۆ دەبینی وادەزانی لەسەر زەوی نیت

19-03-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن مەحموود مەواس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

مەحموود مەواس، ئەستێرەی سووریی یانەی شورتەی عێراقی، سەبارەت بە بینین و یاریکردن بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی، بە رووداوی گوت  "کاتێک لە نزیکەوە چاوت بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکەوێت وادەزانی لەسەر زەوی نیت".
 
ئەو ئەستێرە سوورییە پێنج وەرزە لە ریزەکانی یانەی شورتە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریدەکات و یەکێکە لە گۆڵکارە ناوازەکانی یانەکە و خولەکە، لەگەڵ شورتە بەشداری لە جامی شا سەلمان لە سعودیە و جامی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای کردووە، یەکێک بووە لەو یاریزانانەی لە یاریی شورتە بەرامبەر نەسڕی سعودی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی ئەو یانەیە یاریکردووە. 
 
مەحموود مەواس، بۆ پشوودان چەند رۆژێک سەردانی شاری هەولێری کرد و بەر لە گەڕانەوە و پەیوەندیکردن بە هەڵبژاردەی سووریاوە قسەی بۆ رووداو کرد و باسی ئەو ساتە دەکات کە بەرامبەر رۆناڵدۆ یاریکردووە. ئەو گوتی "هەمووکات ترسێک بەرامبەر ئەو یاریزانە هەیە، کە دەیبینی وا هەستدەکەی تۆ لەسەر زەوی نیت، ئەو ئەفسانەیە و ئەفسانەیەکی گەورەیە، کەس ناتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ کریستیانۆ بکات تەنیا کریستیانۆ خۆی نەبێت". 
 
مەواس زیاتر پەسنی رۆناڵدۆ دەدات و دەڵێت "ئەو لە باشترین ئەو ئەفسانانەیە کە لە تۆپی پێدا سەریان هەڵداوە. کریستیانۆ یاریزانێکی کامڵە و زۆر شتی جوانی لە تۆپی پێدا پێشکێش کردووە چ لە ئەورووپا یان لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی. راشکاوانە بڵێم ئەوەی ئەو پێشانی دەدات، شتێکی خەیاڵییە، ئەفسانەییە".
 
لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یانەی زاخۆ ململانێیەکی بەهێزی یانەی شورتە دەکات لە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە، سوور پۆشانی خابوور بەکۆکردنەوەی 49 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندییە و شورتە بەجیاوازی دوو خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەی گرتووە.
 
مەواس لەبارەی ئاستی رکابەرەکەیان و بەشداریکردنی یانەکانی کوردستان لە خولەکە، گوتی "راشکاوانە بڵێم رکابەرییەکی زۆر تووند هەیە لەنێوان ئێمە و زاخۆ، پێموایە تاوەکو کۆتایی بەردەوام دەبێت. یانەکانی باکوور هەموو کاتێک زۆر باش و نایابن، جا لە یاریگەی خۆیاندابن یان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان".
 
ئەو زیاتر لەبارەی یانەکانی کوردستانەوە گوتی "بەتایبەت لە یاریگەی خۆیاندا زۆر بەهێزن، وەک دەزانن لە یارییەکانیاندا هەموو کات هاندەران دۆخێکی تایبەت دروستدەکەن، بەتایبەت یانەکانی زاخۆ، نەورۆز و هەولێر. راشکاوانە بڵێم یانەی نەورۆز لە یاریگەی خۆیدا زۆر دڕترە. بەڵام ئێمە لە یانەی شورتە هەموو کات بەسەر زاخۆدا زاڵین، یان یەکسان دەبین یان دەبەینەوە. بینیتان لە وەرزی رابردوودا لەسەر پشتی ئەوان ئێمە قۆناخی نیوەی کۆتایی جاممان بڕی".
 
مەواس هەروەها گوتی "رکابەری خولەکە بۆ ئێمە زۆر قورس دەبێت و رکابەرییەکی تووندمان لەگەڵ زاخۆ دەبێت، بەڵام پشتیوان بەخوا داهاتوو بۆ یانەی شورتە باشتر دەبێت".
 
ژیانکردن لە شاری بەغدا لای بەشێکی یاریزانانی خولی عێراق ئاسان نییە، بەهۆی جەنجاڵی شەقامەکان و دوورکەوتنەوە لە ماڵباتەکانیان، وەک ئەوەی مەحموود مەواسیش لەبارەی گوزەرانی لە پایتەختی عێراق روونیکردەوە "وەک ژیان و وەک سەقامگیری، هەموو کات کوردستان ئارامتر و سەقامگیرترە، بەڵام سوپاس بۆ خوا کە لەگەڵ بە‌غدا راهاتووم و لەوێ دڵخۆشم و لە یانەی شورتەش زۆر دڵخۆشم، پێشبینی ناکەم تاوەکو وازهێنانی یەکجاری لە یارییکردن، لە یانەی شورتە بڕۆم".
 
مەحموود مەواس، یاریزانی هەڵبژاردەی سوریایە، لە 1993 لەدایکبووە، سێجار نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بردووەتەوە، خەڵاتی باشترین یاریزانی خولەکەیشی وەرگرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە