رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ورەیان و پارێزگاریکردنیان لە ئاستیان، یانەی دهۆک دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی یەکەمی رکابەرییەکانی جامی کەنداودا ئەنجامدەدات و ئەمشەو بەرامبەر یانەی زوفاری عومانی یاری دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەم و دوایین گەڕی رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، یانەی دهۆک بە ئارامییەوە دوایین یاریی خۆی لە قۆناخەکەدا ئەنجامدەدات و میوانداریی یانەی زوفاری عومانی دەکات.
دهۆک سەرکەوتنی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداو مسۆگەرکردووە، یانەکە لە پێنج یارییدا 8 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر ئیتیفاقی سعودی یاری دەکات، یانەکە ئەمڕۆ بە پێکهاتەیەکی تێکەڵ لە یاریزانی سەرەکی و یەدەگ یاریی دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی ئەم یارییە قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر یانەی قاسم بکاتەوە.
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا ماسیس ئارتن و لوکاس تورسی بەهۆی پێکان، کەریم دەروێش و یانیک زاکیری بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانیان و محەممەد سەعید بەهۆی نا ئامادەبوونەوە یاریی ناکەن.
مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "هەموو یارییەک بۆ بردنەوە یاریی دەکەین، کاتێک هەر سێ رۆژ جارێک یاریی دەکەیت پێویست بەوە دەبێت دەرفەتی یارییکردن بدەیتە یاریزانی نوێ، ئەم یارییەش هەلێکی باشە بۆ ئەوەی هەندێک یاریزانی دیکە یاری پێبکەین."
راهێنەری یانەی دهۆک زیاتر گوتی "بیر لە یاریی بەرامبەر ئیتیفاق ناکەینەوە، جارێ ئەم یارییەمان ماوە، یاریی داهاتوومان بەرامبەر هەولێرە و هەر یارییە و لە کاتی خۆیدا، بەڵام بەدڵنیاییەوە کە ئەو رۆژە هات بیری لێدەکەینەوە، یارییەکە 180 خولەکە و ناتوانیت بەدرێژایی یارییەکە لە تیپی رکابەر باشتربیت، بەڵام هەوڵدەدەین کارێکی باش بکەین."
هارون ئەحمەد، کاپتنی یانەی دهۆک بەر لە یارییەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی " ئەنجامی یارییەکە هیچ شتێک ناگۆڕێت، بەڵام بۆ یاریزانەکان لەرووی مانەوییەوە گرنگە، بەتایبەت کە لە یارییەکانی ئەم دواییەدا ئەنجامی باشمان بەدەستهێناوە، هەر 20 یاریزانی یانەکە ئامادەن، چ خولەکێک یاری بکەن یان 90 خولەک، هەموومان یەک بیرکردنەوەمان هەیە، ئەویش سەرکەوتنەوە."
لەبارەی ئەوەی بیر لە یاریی بەرامبەر ئیتیفاق دەکەنەوە؟ هارون گوتی "نەخێر، هەموو شتێک لە رۆژی خۆیدا، بیرکردنەوەمان تەنیا لای یاریی بەرامبەر زوفارە و پشتبەخوا دوای ئەوەش دەگەڕێینەوە نێو خولەکە."
دهۆک لە یاریی چووندا بەرامبەر زوفار بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون و دەیەوێت لە یاریی گەڕانەوەدا بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، سەرەڕای ئەوەی ئەنجامی یارییەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ریزبەندی کۆمەڵەی یەکەم نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ