مێسی بەس لای فەیسبووکچی کورد و عەرەب باشترینی مێژوو نییە

18-12-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئیحسان تاهیر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

من ئەم وتارەم وەک رۆژنامەڤانێک نەنووسیوە، وەک هاندەرێک نووسیومە کە تایبەتە بە رۆژێکی مێژوویی و لەبیرنەکراو لە ژیانی ورزشیمدا. کە بێگومان منیش مرۆڤم و مافی ئەوەم هەیە لە دەرفەتێکی ئاوادا، بە چەند دێرێک گوزارشت لە هەست و سۆزەکانم بکەم.
 
رۆژی 18ـی12ـی2022 خۆشترین رۆژی وەرزشیی ژیانمە، کە تێیدا نیشتیمانی دووەمم بوو بە پاڵەوانی مۆندیال و لیۆنێل مێسیش دەرگای هەموو بەراوردەکانی لەگەڵ هەموو ئەفسانەکانی تۆپی پێ بە قفڵێکی هێندە گەورە داخست، زەحمەتە تاوەکو رۆژی قیامەت بە هیچ یاریزانێکی دیکە بکرێتەوە.
 
ئەو رۆژە مێسی بەفەرمی بوو بە باشترین یاریزانی مێژوو. وەک ئەوەی کاتێک لە دیکلان رایسی یاریزانی ئینگلیزییان پرسی، ئایا مێسی باشترین یاریزانی مێژووە؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "ئەم پرسیارە عەیبەیە". ئینجا گوتی "گەمژەترین پرسیار ئەوەیە تۆ بڵێی ئایا مێسی باشترین یاریزانی مێژووە؟ ئەو دەیویست بڵێت "هەمووان وەڵامی ئەم پرسیارە دەزانن، بۆیە هیچ پێویست ناکات بیکرێت".
 
هەمووان، دۆست و ناحەزانی لیۆ، پێیاندەگوت "تۆ سەرسوڕهێنەری، بەڵام ببورە ناتوانین بە مارادۆنا و پێلێ بەراوردت بکەین و پێتبڵێین باشترینی مێژوو، تاوەکو مۆندیال نەبەیتەوە". ئەو ئێستا مۆندیالی بردەوە و جگە لە مارادۆنای 1986 هیچ یاریزانێکی دیکە نەبووە وەک مێسی رۆڵی کاریگەر و یەکلاییکەرەوە ببینێت لە بەدەستهینانی جامی جیهانی بۆ وڵاتەکەی، لە تەمەنی 35 ساڵیشدا. کەواتە خۆش بێت یان ناخۆش، تاڵ بێت یان شیرین، بە شایەتی ناحەزانیشی "مێسی باشترینی مێژووە".
 
ئەوانەی دوای بەدەستهێنانی مۆندیال لە لایەن مێسییەوە، دەستیان کردووە بە هەڵمەتێکی ناوهێنان و وەسفکردنی یاریزانانی دیکە بە بزن و بە باشترینی مێژوو، ئەو کارەیان دەرخەری ئەوەیە کە ئەوان لە ناخی خۆیاندا دانیان بەوەدا ناوە کە ئیدی تەواو، مێسی بووە بە باشترین مێژوو، بەڵام دەبێت خەمێک لە خەفەتەکانیان بخۆن و بڕیاریانداوە بەو شێوەیە شەڕی ناخی خۆیان ئینجا هەوادارانی مێسی بکەن.
 
ئەوان هیچیان پێنەما و پەنایان بردە بەر عەیبەیەکی دیکە و گوتیان "فیفا مۆندیالی بە مێسی داوە". "مۆندیال فرۆشراوە"..... چەندین قسەی بێمانای دیکە، کە بەدڵنیاییەوە ئەمە تەنیا لە فەیسبووکی کوردی و عەرەبیدا بوونی هەیە، ئەگەرنا لە هەموو ئەوروپا و جیهان، لە خودی بەرازیل، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئینگلتەرا، فەرەنسا و پۆرتوگالیش، کە ئەوانە وڵاتی ئەفسانەکانن ئەو راستییە یەکلاییبووەتەوە کە "مێسی جوانترین مۆندیالی بردەوە، و مێسی سەلماندی کە ئیدی خۆی بە تەنیا باشترین یاریزانی مێژووە".
 
ئەوان بە جوانی بیردەکەنەوە و پێویستییان بەوە نییە شەڕی بیر و ناخیان بکەن و دەروون و ویژدانی خۆیان ماندوو بکەن.
 
هەر چۆنێک بێت، ئەو رۆژە خۆشترین رۆژی ژیانی وەرزشیمە و بڕوا ناکەم جارێکی دیکە رۆژێکی وەرزشیی لەوە خۆشتر ببینمەوە، مەگەر کوردستان مۆندیال بباتەوە، کە بەدڵنییاییەوە ئەوە بەر تەمەنم ناکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە