بایرن میونشن لە رێگەی لالیگا و سێریا ئەیەوە خۆی نوێدەکاتەوە

18-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بایرن میونشن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، هەنگاوەکانی بۆ گۆڕانکاریکردن لە یانەکەیدا دەستپێکردووە، دوو یاریزانی هێڵیی بەرگریی کردووەتە ئامانج و دەیەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بیانباتە ریزەکانی.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئەڵمانیا، کیم مین جای، بەرگریکاری کۆریای باشوور و یانەی ناپۆلی رازیبووە پەیوەندی بە ریزەکانی یانە ئەڵمانییەکەوە بکات، لەکاتێکدا وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و رۆڵی گەورەی هەبوو لە بردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵیا لەگەڵ یانەکە.
 
بایرن میونشن ماوەی چەند هەفتەیەکە کار بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکات و دەکات و ئامانجی ئەوەیە لە وەرزی نوێدا پێکهاتەیەکی بەهێزی هەبێت بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکان.
 
بەپێی هەواڵێکی سکای سپۆرتسی ئەڵمانی، کارگێڕیی یانەی بایرن میونشن جگە لە مین جای دەیەوێت پاو تۆرێس، بەرگریکاری ئیسپانی و یانەی ڤیاریالیش بباتە ریزەکانی و ماوەیەکی زۆرە چاودێریی تواناکانی ئەو یاریزانە ئیسپانییە دەکات.
 
لەم هاوینەدا چاوەڕواندەکرێت هەریەکە لە لوکاس هێرناندێز و بێنیامین پاڤار، بەرگریکارانی فەرەنسی ریزەکانی بایرن میونشن بەجێبهێڵن، بۆیە بایرن دەیەوێت هەرچی زووە شوێنی ئەو دوو یاریزانە پڕبکاتەوە.
 
سکای سپۆرتس دەڵێت "ئەگەر هەردوو یاریزانەکەش لەم هاوینەدا پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکەوە نەکەن، بەدڵنیاییەوە یەکێکیان دەبێتە باڤاری."
 
بایرن میونشن لە وەرزی رابردوو تەنیا نازناوی خولی ئەڵمانیای بردەوە، ئەویشیان زۆر بەزەحمەت بوو، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە یانەکە بیر لە گۆڕانکاری بکاتەوە.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە