ڤیدیۆ؛ زاخۆ و دهۆک ئەرکیان قورسە و دەیانەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانیان بدەن

18-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یانەی زاخۆ
یانەی زاخۆ
نیشانەکردن یانەی زاخۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێکیان 11 یارییە لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا نەدۆڕاوە، ئەوەی دیکەیان لە 2024 تامی دۆڕانی نەکردووە، ئەمڕۆ زاخۆ لە بەغدا میوانی زەورایە و دەیەوێت بۆ جاری دووەم لەم وەرزەدا لەو یانەیە بباتەوە.
 
دوایین دۆڕانی یانەی زەورا لە خولەکەدا لە 2ـی ئاداری رابردوو لە زاخۆ، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەرامبەر ئەو یانەیە یاریی دەکاتەوە، کە دوایینجار تیپەکەی تووشی دۆڕانکردووە، هەم دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، هەمیش تۆڵەی ئەو دۆڕانە بکاتەوە کە زاخۆ بە گۆڵێکی فرانک سیدریک لە یاریگەی خۆیدا تووشی کردن.
 
یانەی زاخۆ بەکاتێکی باشدا تێدەپەڕێت، ئەنجامەکانی بەدڵی هاندەرانن، بەڵام یەکسانبوونی لە دوو یاریی رابردوودا جۆرێک لە نیگەرانیی لای زاخۆییەکان دروستکردووە و چاویان لەوەیە بەرامبەر زەورا، بەهەمان ئەو ورەیەوە دەربکەون، کە لە یاریی یەکەمیاندا بەرامبەر ئەو یانەیە پێی دەرکەوتن.
 
ئەم یارییەی زاخۆ لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر یانەکە گرێبەستی لەگەڵ یاسین میشاوی، راهێنەری توانای جەستەیی یانەی مەرخییەی قەتەری راگەیاند و دەیەوێت بە هاوکاریی ئەو راهێنەرە یاریزانەکانی بەوپەڕی تواناوە لە یارییەکەدا دەربکەون.
 
زەورا لەم وەرزەدا چوار یاریی بەرامبەر یانە کوردستانییەکان کردووە، لە خولدا بە نەورۆز دۆڕا و لە جامدا لێی بردەوە، بەرامبەر هەردوو یانەی دهۆک و هەولێریش سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڵێکی لێبکرێت، زاخۆ دەیەوێت نوێنەرە راستەقینەکە بێت بەرامبەر ئەو یانەیە گەورەیەی بەغدا.
 
لە یارییەکی دیکەدا، نوێنەرەکەی دیکەی بادینان، یانەی دهۆک، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر نەورۆز سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەدەستهێنا، دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا لە یانەی نەجەف بباتەوە و درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدات.
 
دهۆک لە 11 یاریی رابردووی خولەکەدا، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەڵام سێ بردنەوە و 8 یەکسانبوونی هەیە، یەکسانبوونەکانی لەلای هاندەرانی یانەکە جێگەی نیگەرانییە و چاویان لەوەیە بەرامبەر نەجەف بە سێ خاڵەوە بگەڕێنەوە.
 
یارییەکەی ئەمڕۆ رکابەری دەبێت لەسەر پلەی پێنجەمی خولەکە، لەکاتێکدا نەجەف خاوەنی 46 خاڵە و دهۆک 44 خاڵی هەیە، بردنەوە ئەلهویێن چیا دەباتە پلەی پێنجەم و ورەیەکی زیاتریش دەداتە یاریزانەکان بۆ ئەوەی بە گروتینەوە بۆ یاریی داهاتوویان بەرامبەر زەورا ئامادەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە