ڤیدیۆ؛ ئەو تیپەی مانای دۆڕان نازانێت

18-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بایرلیڤەرکوزن
بایرلیڤەرکوزن
نیشانەکردن بایرلیڤەرکوزن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو خولەک یارییکردن بەسبوو بۆ ئەوەی فلوریان فریتز گۆڵی یەکەم بۆ لیڤەرکوزن لە دژی فرایبۆرگ تۆماربکات.
 
وەک ئەوەی بیانەوێت پێشەنگی ریزبەند رابگرن و بیخەنە دۆخێکی خراپەوە، هەر زوو لە خولەکی 10 ریتسو دوان، هێرشبەری ژاپۆنی ئەنجامەکەی بۆ فرایبۆرگ یەکسانکردەوە.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە پێنج خولەک، ئادەم هلوزێک گۆڵی دووەمی بۆ لیڤەرکوزنی میوان تۆمارکرد، نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی ئەوان تەواو بوو.
 
لە خولەکی 53 پاتریک شیک گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد، بۆ جاری سێیەم تۆڕی فرایبۆرگی خاوەن یاریگەی هەژاند و بە هاندەرانی تیپەکەی گوت، ئەوە ئێوە نین کە دەتوانن رامانبگرن.
 
یانیک کیتێل دوای دوو هەوڵی لەسەریەک، گۆڵی دووەمی فرایبۆرگی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
 
لیڤەرکوزن بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە، 22 یارییە لەم وەرزەدا دەیباتەوە و هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوێکی مێژوویی نزیکبووەوە.
 
دۆرتموند لە یاریگەی خۆی بەرامبەر ئینتراخت یارییکرد، لە سەرەتای یارییەکەدا و لە خولەکی 13 ماریۆ گۆتزە تۆڕی ئەو یانەیەی هەژاند کە سەرەتای دەرکەوتنی لەوێ بوو، گۆڵی یەکەمی بۆ ئینتراخت تۆمارکرد.
 
دۆلی مالین بەخێراییەکی زۆر گەیشتە نێو ناوچەی سزا و تۆپێکی گەیاندە کەریم ئادێمی، ئەو ئەنجامەکەی بۆ دۆرتموند یەکسانکردەوە، نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 81 ماتس هەمڵس لەسەر شێوازە هەمیشەییەکەی بەلێدانی سەر ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی خاوەن یاریگە گۆڕی.
 
لە دوایین خولەکدا لێدانێکی سزا بۆ دۆرتموند هەژمارکرا، ئێمری جان سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد.
 
دۆرتموند یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی بوندێسلیگا خاوەنی 50 خاڵە و 6 خاڵ لە شتوتگارتی سێیەمەوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە