'بەڵگەنامەی گەندەڵیی' ناوبژیوانی یارییەکەی نێوان ئۆسەسۆنا و ریال مەدرید بڵاوکرایەوە

18-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا ناوبژیوان هەڵەی ناوبژیوان یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خۆسێ لویس مونێرا مۆنتێرۆ، ناوبژیوانی مشتومڕ دروستکەری یاریی نێوان ئۆسەسۆنا و ریال مەدرید، رووبەڕووی تۆمەتبارکردنی گەورە بووەوە، پاشئەوەی ژمارەیەک زانیاریی نهێنی لەبارەی کارەکانییەوە بڵاوکرانەوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئەو ناوبژیوانە تۆمەتبارە بەهەبوونی پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی لالیگا و خاوەندارێتی کۆمپانیایەکی تایبەتمەندی ڤار و یۆفا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا.
 
ماڵپەری 'ئێل ئیسپانیۆل' ئاشکرایکردووە، پەیوەندییەکانی ئەو ناوبژیوانە ترسیان لە بابەتی سەربەخۆیی ناوبژیوانان لە تۆپی پێی ئیسپانیا دروستکردووە.
 
ئەو ماڵپەرە ژمارەیەک بەڵگەنامەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەرکەوتووە، مۆنتێرۆی ناوبژیوان، کۆمپانیای 'تالینگۆس سپۆرتس سپیکەرس'ی دروستکردووە کە خزمەتگوزاریی راوێژکاری و بەڕێوەبردنی وەرزشی پێشکێشدەکات و بارەگاکەی لە شاری کۆرودبایە لە ڤێلایەکی گرانبەهادا لەسەر رووبەری 1000 مەتری چوارگۆشە. ڤێلاکە مەلەوانگە و ژووری وەرزشیی لە خۆ دەگرێت و کۆمپانیایەکی دیکەش بەناوی 'دیپۆرتالیا سپۆرتس' نیشتەجێی هەمان ڤێلایە.
 
ماڵپەرەکە دەڵێ، مامەڵەکارانی کۆمپانیاکەی ئەو ناوبژیوانە دامەزراوەی گەورەی وەک لالیگا، یۆفا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و هەندێک یانەن، ئەوەش پرسیاری لەبارەی ئەگەری بوونی تیکهەڵچوونی بەرژەوەندییەکان هێناوەتە ئاراوە.
 
ماڵپەرەکە دەڵێ، کۆمپانیای ناوبراو، لەلایەن سێرجیۆ سانچێز کاستانێرەوە بەڕێوەدەبرێت کە بەرپرسی پێشووی تەکنیکیی ڤار و راوێژکاری ئێستای لالیگا و یۆفایە و رۆڵی گەورەی هەبووە لە هێنانی ڤار بۆ نێو خولی ئیسپانیا.
 
سەرچاوەکە دەڵێ، پەیوەندییەکانی مونێرا مۆنتێرۆ هەر ئەوەندە نییە، بەڵکو ئەو پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ بەرپرسانی گەورەی ناوبژیوانی هەیە، لەنێویاندا خیسۆس کاردیناس، بەڕێوەبەری یارییەکانی لالیگا، هەروەها جۆزێ مانوێل ماتیاس کابایێرۆ، سەرۆکی لیژنەی تەکنیکیی ناوبژیوانان لە ئەندەلووس، کە بەرپرسی راستەوخۆیە لە ناوبژیوانانی هەرێمەکە لەنێویاندا مونێرا مۆنتێرۆی ناوبژیوان خۆی.
 
ماڵپەرەکە ئاشکرایکردووە، تۆڕێکی بزنس کە کۆمپانیای 'دیپۆرتالیا سپۆرتس' هاوبەشی ڤێلاکەی مۆنتێرا هەیەتی، کارەکانی لەگەڵ لیگا و یۆفا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیایە و سەرمایەکەی 450 هەزار یۆرۆیە، بەبێئەوەی هیچ فەرمانبەرێکی هەبێت و چالاکییەکانی دیار بن.
 
وێڕای ئەوەش، ماڵپەرەکە دەڵێ، جیا لەو دامەزراوانە، هەریەکە لە خولی ئافرەتانی ئیسپانیا و یانەی کۆردۆباش مامەڵەیان لەگەڵ هەمان کۆمپانیا هەیە.
 
ماڵپەرەکە لە بەدواداچوونی بۆ داهاتی کۆمپانیاکە، بۆی دەرکەوتووە ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی 2023دا بڕی 200 هەزار یۆرۆ داهاتی هەبووە، بەبێئەوەی ماڵپەرێکی هەبێت، یان بەشی خزمەتگوزاریی کڕیارانی هەبێت.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیاکە لە ماڵپەری 'لینکد ئین' وا خۆی دەناسێنێت کە راوێژگاری پسپۆرە لەبواری پەخشی تەلەڤزیۆنیی و بەرهەمهێنانی یارییەکان، ناوبژیوانی و ڤار.
 
تاکە بەڕێوەبەری دیاری کۆمپانیای 'دیپۆرتالیا' سێرجیۆ سانچێز کاستانێرە، کە بەنزیکێکی خاڤیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا دادەنرێت، پۆستی بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیی ڤار و بەرپرسی بەرهەمهێنانی تەلەڤیزیۆنییە لە لالیگا و یۆفا.
 
ماڵپەرەکە دەڵێ، ئەم تۆڕی پەیوەندی و بەرژەوەندییە ئاڵۆزە لە نێوان کۆمپانیاکەی مۆنتێرا و دامەزراوەکاندا، ترسی ئەوەی دروستکردووە کە ناڕوونی هەبێت لەکارەکاندا و ترس لە ئەگەری کاریگەریی دروستکردن لەسەر بڕیارەکان هەبێت.
 
ئەو بەڵگەنامانەی ماڵپەرە ئیسپانییەکە بڵاویکردوونەتەوە، گوشارەکانی لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بەناوبژیوانانی لالیگا زیاترکردووە و مشتومڕی زۆری لەبارەی روونی و راستگۆیی لە کارەکاندا دروستکردووە.
 
ئەمڕۆ، میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکرد، دەستەی سەرپەرشتیارانی ناوبژیوانانی لالیگا، بڕیاریداوە مونێرا مۆنتێرۆی ناوبژیوان، لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی گەڕی داهاتووی لالیگا دووربخەنەوە، بەڵام هۆکاری دوورخستنەوەکە ئاشکرا نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە