رووداو دیجیتاڵ
ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەستێرەی سوێدی و یانەی سپۆرتینگی پۆرتوگالی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە پەیوەندیکردنی بە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە دەکەن.
یۆکێرێش لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە دەڵێت "پەیوەندیکردن بە ئامۆریمەوە لە مانچێستەر یونایتد؟ لەوانەیە کەرەستەی باشی لە هێرشبەریدا هەبێت."
گۆڵکاری خولی پۆرتوگال زیاتر گوتی "زۆر بەداخەوە کە ئامۆریم لە سپۆرتینگ رۆیشت، بەڵام ئێمە لە بڕیارەکەی تێدەگەین، ئەو کەسێکی سەرەکی و پاڵپشتێکی بەردەوامی من بوو و هاوکارییکردم بۆ ئەوەی پێشبکەوم."
ڤیکتۆر دەڵێت "دەمەوێت ئەم وەرزە لە سپۆرتینگ تەواو بکەم و من ئێرەم خۆشدەوێت، یانەی نوێ؟ بابزانین کەی کاتی ئەوە هات، دەمەوێت یاری بکەم، ئەوە بڕیارێکی گرنگە و هۆکاری دیکەی دەبێت.
لە ماوەی رابردوودا، دوای ئەوەی رۆبن ئامۆریم، راهێنەری پۆرتوگالی وەکو راهێنەری نوێی یانەی مانچێستەر یونایتد دەستبەکاربوو، دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری چوونی ڤیکتۆر یۆکێرێش بۆ ئەو یانەیە بڵاوبوونەوە و راهێنەرەکە گوتبوو "زەحمەتە سپۆرتینگ بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت."
سەرۆکی یانە پۆرتوگالییەکە لەبارەی فرۆشتنی یاریزانەکەوە دەڵێت "هەر یانەیەک دەیەوێت ئەو یۆکێرێش بکڕێت، 100 ملیۆن یۆرۆ وەکو مەرجی هەڵوەشاندنەوە بدات، با یاریزانە ببات."
ڤیکتۆ یۆکێرێش، یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی ئێستای خولی پۆرتوگالە، لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکەی لە خولی پۆرتوگالدا 16 گۆڵی لە 11 یارییدا کردووە و پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە.
ناوی یاریزانەکە بە چەند یانەیەکی گەورەی ئەورووپاوە بەستراوەتەوە، لەوانە مانچێستەر یونایتد و چێڵسی، بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ