لێدوانی فەرمی چاڤی لەبارەی داهاتووی لەگەڵ بارسێلۆنا

17-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا باس لە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا دەکات و دەڵێت "نازانم لە داهاتوودا چی روودەدات."
 
دوای بردنەوەیان لە یانەی ئالمێریا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بەهێزکردنی شوێنی خۆیان لە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگا، چاڤی هێرناندێز لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ئەمساڵ بەشێوەیەکی زۆرباش رکابەریمان لەسەر بردنەوەی نازناوەکان نەکرد، بەڵام نزیکبووین، لەگەڵ ئەوەشدا نازانم لە داهاتوودا چی روودەدات، من لەو دەنگۆیانە تێدەگەم کە هەن، بەڵام ئەگەر پرسیار دەکەن، لە راستیدا ویستێکی زۆر هەیە، پەرۆشییەکی زۆر هەیە، ئامانجی زۆر هەن، ئێمە لەگەڵ دیکۆ و سەرۆکی یانە پلان دادەنێین، بەڵام ناتوانم کۆنتڕۆڵی شتەکانی دیکە بکەم."
 
لەبارەی ئەوەی هیچ دڵنیاییەک بۆ مانەوە لە بارسێلۆنا هەیە؟ چاڤی گوتی "لەسەر ئاستی کەسی هیچ شتێکم پێنەگوتراوە، پەیوەندیمان نەگۆڕاوە، ئێمە لەگەڵ جێگری بەڕێوەبەری وەرزشی و کارگێڕییەکان گەشتمانکردووە، لەگەڵ هەموویان وەکو هەمیشە، لە راستیدا دەبێت راستگۆیانە بڵێم ئێمە دەمانەوێت رکابەری لەسەر هەموو نازناوەکان بکەین، بەهەموو ئەو ورە بەرزییەی لە جیهاندا هەیە، بە هەموو ئامانجەکانی کە ئێمە هەمانە، بەڵام بارودۆخەکە ئاسان نییە، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی هەموومان بەیەکەوە کاربکەین."
 
 
چاڤی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "بارودۆخی ئابووریی بارسێلۆنا لە دۆخێکی باشدا نییە، ئێمە هەموومان کاردەکەین بۆ ئەوەی باشتری بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین تیپێکی بەتوانا بۆ وەرزی نوێ ئامادەبکەین، لە راستیدا هیچ شتێک نەگۆڕاوە و ئاگاداری ئەو دەنگۆیانەم کە هەن، کە وەکو هەمیشە لە بارسێلۆنا ژاوەژاوێکی بەردەوام لەبارەی یانەکەوە هەیە، بەڵام من ئارامم و لەگەڵ سەرۆک و دیکۆ کاردەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکە ببەینەوە پێشەوە."
 
ئەم قسانەی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لەکاتێکدان، لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، کێشە کەوتووەتە نێوان چاڤی و خوان لاپۆرتا و بەئەگەری زۆرەوە چاڤی وەکو راهێنەری یانەکە بەردەوام نابێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە