یۆرگن کلۆپ باسی شوێنگرەوەکەی دەکات

17-02-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیڤەرپوول بایرلیڤەرکوزن چابی ئەلۆنسۆ یۆرگن کلۆپ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یۆرگن کلۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، باس لەو راهێنەرە دەکات کە بەئەگەری زۆرەوە هاوینی داهاتوو شوێنی ئەو دەگرێتەوە لە مەشقدانی لیڤەرپوول و بە راهێنەرێکی بەهرەمەند ناوی دەبات.
 
کلۆپ پێشتر رایگەیاندبوو لە هاوینی داهاتوودا دەست لە مەشقدانی یانەی لیڤەرپوول هەڵدەگرێت و ئێستا مشتومڕ لەبارەی راهێنەری داهاتووی یانەکەوە گەرمە.
 
لە نێو ناوی ئەو راهێنەرانەدا کە پێشبینیکراوە شوێنی کلۆپ بگرنەوە، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئێستای بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی و یاریزانی پێشووی یانەی لیڤەرپوولە کە وەرزێکی نایاب لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە بەسەردەبات و پێشەنگی بۆندێسلیگای گرتووە بەجیاوازی پێنج خاڵ لە بایرن میونشن.
 
کلۆپ لەبارەی ئەلۆنسۆوە گوتوویەتی، "ئەو بەهرەیەکی نایابی لە نێو ئەو راهێنەرانەدا هەیە کە هاو نەوەی خۆین، ئەوەش لەو کارەدا رەنگیداوەتەوە کە ئەو لە مەشقدانی یانە ئەڵمانییەکە تاوەکو ئێستا بەدەستیهێناوە".
 
ئەلۆنسۆی 42 ساڵ، کە پێشتر یاریی بۆ یانەکانی ریال سۆسیێداد، لیڤەرپوول، ریال مەدرید و بایرن میونشن کردووە، ناوەڕاستی وەرزی رابردوو مەشقدانی لیڤەرکوزنی وەرگرت و یانەکەی لە ژێرەوەی ریزبەندییەوە گەیاندە پێشەنگی بۆندێسلیگا لە ماوەی تەنیا 16 مانگدا.
 
ئەوەی زیاتر سەرنجی دونیای بۆ چابی ئەلۆنسۆ راكێشاوە، ئاستی ناوازەی یانەکەیەتی بەتایبەت پاشئەوەی هەفتەی رابردوو بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە بایرن میونشنی پاڵەوانی یانزە ساڵی رابردووی ئەڵمانیای بردەوە.
 
کلۆپ لەبارەی چابییەوە دەڵێ، "چابی کارێکی ناوازە ئەنجامدەدات، بەهەموو پێوەرێک سەرکەوتووە و بەسەر زۆر راهێنەری گەورەی خولەکەدا سەرکەوتوو بووە".
 
زیاتر دەڵێ، "نەوەی نوێی راهێنەران دروستبوون، دەتوانم بڵێم چابی لە نێویاندا ناوازەیە، ئەو تەنانەت کاتێک یاریزان بوو، تواناکانی خۆی وەک راهێنەرە پێشاندەدا".
 
هەروەها دەڵێ "ئەو تۆپی پێیەی تیپەکەی ئەو پێشکێشی دەکات و ئەو گرێبەستانەی ئەنجامیاندەدات، هەمووان دووپاتیدەکەنەوە کە ئەو ناوازەیە".
 
کلۆپ هەروەها پەسنی تواناکانی ئەلۆنسۆی داوە لە چەسپاندنی 'ستراتیژی نوێ' لە تیپەکەیدا، وێڕای ئەوەی تەنیا ماوەیەکی کەمە و لە ئۆکتۆبەری 2022ەوە سەرپەرشتی یانەکەی وەرگرتووە، بەڵام ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە کە ئەو خۆی "هیچ بەشدارییەک" لە دەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتووی یانەکەدا ناکات و وەکئەو دەڵێ، "ئەوە کارێکە تەنیا خاوەنەکانی یانەکە ئەنجامیدەدەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە