دەرفەتێکی زێڕین بۆ ریال مەدرید رەخساوە

16-12-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، دووپات لەوە دەکەنەوە کە یانەی ریال مەدرید دەرفەتی ئەوەی هەیە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ساڵی 2024ـدا ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری نەرویجیی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بگوازێتەوە ریزەکانی.
 
گرێبەستەکەی ئێرلینگ هالاند بڕگەی مەرجی سزایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی تێدایە، کە بریتییە لە 200 ملیۆن یۆرۆ، واتا هەر یانەیەک بیەوێت دەتوانێت بەو بڕە پارەیە هێرشبەرە نەرویجییەکە بباتە ریزەکانی.
 
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە مەرجەکە تەنیا بۆ یانەکانی دەرەوەی ئینگلتەرا کارا دەبێت، واتا هیچ یانەیەکی پرێمەرلیگ ناتوانێت گرێبەستەکەی هالاند هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش رێگە بۆ ریال مەدرید خۆش دەکات بەشێوەیەکی ئاسانتر تواناکانی هالاند بەدەستبهێنێت.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، یانەی مانچێستەر سیتی لە هاوینی داهاتوو ئەو بڕگەیەی بۆ فرۆشتنی ئێرلینگ هالاند کارا دەکات.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کارگێڕیی یانەی شاهانە هەنگاو دەنێت بۆ گواستنەوەی هالاند، ئەگەر نەتوانێت کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری فەرەنسی لە یانەی پاریس سانجێرمانەوە بگوازێتەوە.
 
هەروەها ژمارەیەک بەرپرسی ناو کارگێڕیی ریال مەدرید پێیانوایە گواستنەوەی هالاند لەجیاتی کیلیان ئێمباپێ، بۆ پێکهاتەی ریال مەدرید باشتر دەبێت، چونکە ئەوان پێیانوایە هاتنی هێرشبەرە فەرەنسییەکە کاریگەری لەسەر ڤینیسیۆس جونیۆر دەبێت، چونکە کیلیان تەنیا وەک یاریزانی باڵی چەپ یاری دەکات و ئەم پێگەیەش تایبەتە بە ئەستێرە بەرازیلییەکە و ناکرێت ڤینی لەو ئەرکەی بێبەش بکرێت.
 
سەرەڕای هەموو ئەمانە، وەک سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باسی دەکەن، گرێبەستکردن لەگەڵ هالاند بەندە بە راددەی توانای ریال مەدرید بۆ رازیکردنی یاریزانەکە بۆ هاتن بەرەو سانتیاگۆ بێرنابیۆ، هەروەها زیاتر پەیوەندی بە پڕۆژەی وەرزشیی و ئەگەری بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ و باڵۆن دۆرەوە هەیە نەک پرسی مووچە.
 
ئێرلینگ هالاند، ساڵی 2022 لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانییەوە پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر سیتییەوە کرد، گرێبەستەکەی لەگەڵ پاڵەوانی ئەوروپا و پرێمەرلیگ تاوەکو هاوینی 2027 درێژ دەبێتەوە. ساڵی رابردوو وەرزێکی ناوازەی بەسەربرد و سێ نازناوە مێژووییەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە