لاپۆرتا گاڵتە بە ریال مەدرید دەکات

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا خوان لاپۆرتا یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، هەلی دەرکەوتن لەبەردەم رۆژنامەڤانانی قۆستەوە بۆ ئەوەی گاڵتە بەریال مەدریدی رکابەری مێژوویی بکات، بەهۆی ئەو دوو لێدانە سزایەی لە یارییەکەی ریال سۆسیێداد بۆ یانەی شاهانە ئەژمار کران.
 
ریال مەدرید بەدوو لێدانی سزا کە لەلایەن ڤینیسیۆس جۆنیۆر و کیلیان ئێمباپێوە تۆمارکران، سەرکەوتنی بەسەر ریال سۆسیێداد لە گەڕی پێنجەمی لالیگا بەدەستهێنا.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی کەتەلۆنی، گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەرۆکی بارسێلۆنای بڵاوکردووەتەوە، لە کاتی گەیشتنی بەشوێنی کۆبوونەوە و ئێوارەخوان لەگەڵ بەرپرسانی یانەی جیرۆنا، بەرلەوەی هەردوو یانە رووبەڕووی یەکببنەوە و بارسێلۆنا بە 4 - 1 گۆڵ سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
 
لاپۆرتا گاڵتەی بەلێدانە سزاکەی دووەمی ریال مەدرید کردووە کە ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەدەستیهێنا و ئێمباپێ گۆڵی دووەمی یانەکەی بەهۆیەوە تۆمارکرد.
 
لاپۆرتا لەبەردەم رۆژنامەڤاناندا بەبێ بوونی تۆپ، وەکئەوەی شوتێک لێبدات بۆ ئاسمان، نواندنی کرد و لە وەڵامی ئەو رۆژنامەڤانانەدا کە لێیان پرسی رای چیبوو لەسەر لێدانە سزاکە کە مارتینێز مونوێرای ناوبژیوان بۆ ریال مەدریدی ئەژمارکرد لە خولەکی 72دا و گوتی، "لێدانێکی سزا ببە، دوو لێدانی سزا ببە، ئەوانە دوو لێدانی سزا بوون".
 
ریال مەدرید لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵەوە لە کۆی پێنج یاریدا کە ئەنجامیداوە، چوار لێدانی سزای بۆ ئەژمارکراوە. تیپەکە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگای گرتووە بەکۆکردنەوەی 11 خاڵ، لە کاتێکدا بارسێلۆنا بەپێنج بردنەوە، 15 خاڵی کۆکردووەتەوە و پێشەنگی خولەکەیە.
 
لەماوەی رابردوودا پەیوەندی نێوان هەردوو یانە زەبەلاحەکەی ئیسپانیا دۆخێکی نائاسایی بەخۆوە دەبینێت و ئەوە چەندەمینجارە بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا لە بۆنە و شوێنی جیاوازدا هێرشدەکەنە سەر ریال مەدرید.
 
پێشتر خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا رایگەیاندبوو کە پەیوەندی یانەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بەهیچ جۆرێک باش نییە و ئەو یانەیەی بەکارکردن بۆ رووخاندنی یانەکەی تۆمەتبارکردبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە