رووداو هەولێر
فیدراسیۆنی بالەی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا یارییەکانی گردبوونەوەی دووەمی قۆناخی کۆتایی خولی نایابی بالەی عێراق لە شاری هەولێر بەڕێوەبچن.
لە قۆناخی کۆتاییدا هەریەک لە یانەکانی هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی، غازی باشوور، مەسافی شیمال لەگەڵ بەحری رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی ئەمساڵ دەکەن، لە گردبوونەوەی یەکەمدا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی توانی ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات و بەکۆکردنەوەی 9 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندییە و یانەی هەولێر بە 7 خاڵ لە پلەی دووەمە.
بڕیارە رۆژی 24ـی ئەم مانگە یارییەکانی گردبوونەوەی دووەم لە هەولێر دەستپێبکەن و هەفتەیەک دەخایەنێت، رۆژانە دوو یاری لەنێو هۆڵی داخراوی یانەی ئەکاد عەنکاوە بەڕێوەدەچن.
عەباس هیندی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندن، لە فیدراسیۆنی بالەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "وەرزی ئەمساڵ ئاستبەرزی یانەکانی کوردستان دەبینم، پێموایە لایەنێکی یاری کۆتایی خولی بالەی عێراق تیپێکی کوردی دەبێت".
وەرزی ئەمساڵ فیدراسیۆنی بالەی عێراق هێنانی یاریزانی پیشگەری لەلایەن یانەکانی عێراق قەدەخەکرد، پێچەوانەی وەرزی رابردوو کە یانەکان پڕبوون لە ئەستێرەی رووسی و ئێرانی و ژمارەیەک یاریزانی وڵاتانی دەوروبەری عێراق.
یانەی غازی باشوور پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی عێراقە، ئەمساڵ تیپەکە خاوەن راهێنەر و هەشت یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە، تیپەکەی بەسرە چاوی لە ململانێیە.
لای خۆیە حازم قاسم، سەرۆکی یانەی غازی باشوور بۆ رووداوی روونکردەوە "ئێمە بە یاری بالە بەنێوبانگین و دڵنیام دەتوانین پارێزگاری لە نازناوی وەرزی رابردوو بکەین، ئەوەی لامان گرنگە چیدیکە خاڵ نەبەخشینەوە".
یانەی هەولێر لە مێژووی خۆیدا جارێک نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقی بەرزکردووەتەوە، یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش دوو جار نازناوەکەی بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ