ڤیدیۆ؛ جاری یەکەمی نییە.. بۆچی بە چەقۆ لە باوکی یامال دراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال باوکی لامین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان هۆکارێکی چاوەڕواننەکراوی پشت ئەو رووداوەیان ئاشکراکرد کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بەسەر باوکی لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنادا هات و لەلایەن چەند دراوسێیەکییەوە درایە بەر چەقۆ.
 
رۆژنامەی لا ڤانگاردیا ئاشکرایکردووە، بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان، مونیر نەسراوی باوکی لامین یامال یاریزانی باڵی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، درەنگانی رۆژی چوارشەممە لە گەراجێکی وەستانی ئۆتۆمبێل لە شارۆچکەی ماتارۆ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا بە چەقۆ لێیدراوە.
 
لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە، نەسراوی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کان رۆتی لە شاری بادالۆنا، پزیشکەکان چارەسەریان بۆ کردووە و برینەکەی مەترسیدار بووە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، پۆلیسی ناوخۆیی و پۆلیسی هەرێمەکە ژمارەیەک شایەتحاڵی رووداوەکەیان دەستنیشانکردووە.
 
بەڵام لە راپۆرتێکدا کە دواتر لە ماڵپەڕی وەرزشیی رێلیڤۆ بڵاوکرایەوە، لە زاری سەرچاوە فەرمییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، نەسراوی لە نەخۆشخانە دەرچووە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە.
 
دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان
 
بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی ئێلپێرۆدیکۆ بڵاویکردووەتەوە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە نەسراوی لەگەڵ کەسانی دیکەدا تووشی شەڕ و ئاژاوە بووبێت، هەرچەندە پۆلیس بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات و لێدوانی زۆر لە شایەتحاڵەکانیشی لەبەردەستدایە.
 
سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوە باس لەوە دەکەن کە رووداوێک دوێنێ پاشنیوەڕۆ لە گەڕەکی رۆکافوندا روویداوە، باوکی یامال قوربانییەکەیە، کە لەگەڵ چەند دراوسێیەکدا شەڕیان کردووە، دوای ئەوەی سووکایەتییان پێکردووە و بڕێک ئاویان بەسەردا رژاندووە.
 
دوای چەند کاژێرێک، نزیکەی کاژێر 9:10 خولەکی پاشنیوەڕۆ، چەند کەسێک هێرشیان کردە سەر باوکی یامال، کە بەچەقۆ لە جەستە و قۆڵیان داوە چەندین برینی لێکەوتووەتەوە، بۆیە بەخێرایی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.
 
بەگوتەی پۆلیسی کەتەلۆنیا "سێ کەس کە پەیوەندییان بەن رووداوەوە هەیە بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتن دەستگیرکراون"، بەڵام تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و تێوەگلانی گومانلێکراوانی زیاتریش رەتنەکراوەتەوە و گەڕان بەدوای کەسی چوارەمدا بەردەوامە کە تێوەگلاوە لەو رووداوەدا.
 
شەڕی پێشوو
 
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەمە یەکەمجار نییە کە باوکی لامین یامال کێشەی لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەبێت.
 
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، دادگایەک بەبڕی 550 یۆرۆ سزای بەسەر مونیر نەسراویدا سەپاندووە بەهۆی هێرشکردنە سەر چادرێکی سەر بە پارتی ڤۆکسی راستڕەو لە ماتارۆ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023.
 
لە بڕیارەکەدا هاتووە، کاتێک نەسراوی سەرنجی چادرەکەی داوە، لێینزیکبووەتەوە و دەستی کردووە بە جنێودان بە لایەنگرانی ئەو حزبە کە لەوێ ئامادەبوون، دواتر پەیوەندی بە کەسانی دیکەشەوە کردووە و ئەوانیش لە دوورەوە دەستیان کردووە بە جنێودان بە لایەنگرانی حزب و هێلکەبارانی کردوون.
 
دادگاکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە باوکی لامین یامال چەندجارێک بەشێوەیەکی شەڕانگێزانە لە چادرەکە نزیک بووەتەوە، تاوەکو لە دەرفەتێکدا هێرش دەکاتە سەر مۆنیکا لۆرا، نوێنەری پەرلەمانی کەتەلۆنیا بۆ پارتی ڤۆکس و لەو ساتەدا یەکێک لە لایەنگرانی ئەو پارتە هەوڵی وەستاندنی نەسراوی داوە.
 
دوای ئەو خۆپیشاندانە، نەسراوی بە دەستی چەپی بۆکسێک دەکێشێت بە دەموچاوی یەکێک لە لایەنگرانی ئەو حزبە و چاویلکەکەی خستووەتە سەر زەوی. ئەمەش زیانی لە 400 یۆرۆ کەمتر نەبوو.
 
کاریگەری بەسەر یامالەوە
 
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لەوانەیە لامین یامال بەهۆی ئەو رووداوەی کە باوکی تووشی بووە، نەتوانێت یاریی یەکەمی بلاوگرانا لە خولی ئیسپانیا ئەنجام بدات، کە رۆژی شەممە رووبەڕووی ڤالێنسیا دەبێتەوە.
 
بارسێلۆنا لە یاریگای مێستایا میوانداریی ڤالێنسیا دەکات، ئەمەش لە سەرەتای گەشتی هەردوو یانە لە وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا. کە بێگومان یاری نەکردنی لامین کاریگەری بەسەر ئاستی بارساوە دەبێت، بەو پێیەی ئێستا بە یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانانی بلاوگرانا دادەنرێت، بەتایبەتی کە یاریی یەکەمی وەرزەکە زۆر گرنگە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە